ئاكەپە: كەس بۆی نییە دژی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بێت

ئیستانبووڵ -KDP.info- جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكەپە دەڵێت، ئەگەر عێراق پارچە بێت كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و كەس بۆی نییە دژی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بێت.
جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكەپە و گوتەبێژی ئەو پارتییە (حوسێن چەلیك) ئەمڕۆ لە ئیستانبووڵ راگەیاند، پێشتر وشەی كوردستان لە توركیا قەدەخە بوو و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییش بیانوویەكی زۆر گەورە بوو بۆ دەستپێكردنی شەڕ، بەڵام ئەمڕۆ هاوسەنگییە سیاسییەكانی جیهان و ناوچەكە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و كەس ناتوانێ وشەی كوردستان قەدەخە بكات، چونكە ئەو خەڵكە كورد و ناوی وڵاتەكەیشی كوردستانە.
(حوسێن چەلیك) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی، "واقێعی ئەمڕۆی عێراق و هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە دەیسەلمێنن كە عێراق بە هیچ شێوەیەك لەمەوبەدوا وەكو وڵاتێكی یەكپارچە و یەكگرتوو نامێنێتەوە و پارچە دەبێت".
چەلیك گوتیشی كە "لە ئەگەری پارچەبوونی عێراقدا، كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنێت و ئەوانیش برای ئازیز و دراوسێی بەڕێزی ئێمەن و كەس ناتوانێ شەڕی راگەیاندنی خۆسەریی كوردستان بكات و لە دژی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بوەستێتەوە".
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسیی توركیا، پێیان وایە كە ئەو لێدوانانەی (حوسێن چەلیك) نیشانەی پشتگیریكردنی توركیا لە راگەیاندنی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردییە.
هیوا ئەردەلان




