لەسەر فەرمانی ئۆجەلان پەكەكە 134 منداڵ ئازاد دەكات

ئانكارا -KDP.info- دوای ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك بۆ قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد لە لایەن حكوومەتی توركیاوە، ئەم جارەیش (ئۆجەلان) و پەكەكە هەنگاوێكی گرنگیان نا کە ئازادکردنی 134 منداڵن.
پاش ئەوەی حكوومەتی توركیا هەفتەی رابردوو بۆ چارەكردنی پرسی كورد و بەئەنجامگەیاندنی قۆناخی چارەسەری، پڕۆژەیاسایەكی ئامادە و ڕەوانەی پەرلەمان كرد، وەكو وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوەی حكوومەت، (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و پەكەكەیش هەنگاوێكی گرنگ دەنێن.
بە پێی هەواڵًێكی ماڵپەڕی سۆن خەبەر، (عەبدوڵًڵا ئۆجەلان) لە میانی دیداریدا لەگەڵ شاندی هەدەپە گوتوویەتی، "ئەو هەنگاوەی حكوومەت، هەنگاوێكی زۆر گرنگ و مێژووییە و پێویستە وەڵامی بدرێتەوە".
(ئۆجەلان) وەكو وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوەی حكوومەت، پەكەكەی ڕاسپاردووە كە هەرچی منداڵی ژێر تەمەن 18 ساڵان لەسەر چییان، ئازادیان بكات و ئەو ڕاسپاردەیەی (ئۆجەلان)ـیش لە رێگەی شاندی هەدەپەوە گەیەنراوەتە سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل و ئەوانیش ئاماژەیان بەوە داوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا 134 منداڵ لەو چوارچێوەیەدا دەگەڕێننەوە.
هیوا ئەردەلان




