٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كوردستانیان بێ جیاوازیی ئایینی و ئیتنی، پشتگیریی هاونیشتمانانیان گەیاندە پێشمەرگە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  گرووپی خۆبەخشی نیشتمانی، لە ژێر دروشمی "پاڵپشتی بۆ پێشمەرگە" سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان بەسەر كردەوە و پاڵپشتیی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانیان گەیاندە برایانی پێشمەرگە لە سنوورەكانی بەرەی پاراستنی كوردستان.

 

گرووپێك كە لە نوێنەرانی كورد و توركمان و مەسیحی و ئەرمەنی و كۆمەڵێك لە بازرگانەكانی هەولێر پێك هاتبوو، ئەمڕۆ شەممە سەردانی ریزەكانی پێشەوەی پێشمەرگەیان لە گوندی (مەلا عەبدوڵڵا)ـی كەركووك كرد بە مەبەستی دابینكردنی پێداویستییەكان و پاڵپشتیی هێزەكانی پێشمەرگە و پەیامی پاڵپشتیی خۆیشیان بە پێشمەرگەكانی كوردستان گەیاند.

گوتەبیزی گرووپی خۆبەخشی نیشتمانی (سەنگەر هەورامی) رایگەیاند، "ئامانج لە سەردانەكەی ئێمە بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە، گەیاندنی ئەو سوپاس و پشگیرییەیە كە خەڵكی كوردستان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە هەیەتی".

هەروەها نوێنەری توركمانیش گوتی، "ئێمە هاتووین تاكو پاڵپشتی و پشگیریی هێزەكانی پێشمەرگە بكەین، چونكە بێ هیچ جیاوازییەك پێشمەرگەكانی كوردستان پاسەوانی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانن و ئێمەیش سوپاس و پێزانینمان بۆیان هەیە".

هاوكات نوێنەری مەسیحییەكانی كوردستان كە لەگەڵ گرووپەكەدا بەشدار بوو، ئاماژەی دا، "ئێمە هاتووین پشتیوانیی خۆمان بۆ پێشمەرگەكانی كوردستان دووپات بكەینەوە و رایبگەیەنین كە هێزەكانی پێشمەرگە بێ هیچ جیاوازییەك كوردستانیان دەپارێزن و سوپاس و پێزانینی مەسیحییەكانی كوردستانیشمان بە برا پێشمەرگەكانمان لە ریزی بەرگری گەیاند".

لە لایەكی دیكەیشەوە، نوێنەری ئەرمەنییەكانی كوردستان وێڕای پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و رایانگەیاند، "پێشمەرگە پاڵپشتی و پێشگیریی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەكات و ئێمە وەكو ئەرمەنییەكانی كوردستان پێیان دەڵێین كە نەتەوەی ئەرمەن هەمیشە پشتیوانی پێشمەرگەكانی كوردستانە".

جێی باسە، لەلایەن هەندێك لە بازرگانەكانی هەولێرەوە پێداویستی و كەلوپەلی خواردەمەنی گەیەندرایە هێزەكانی پێشمەرگە و بەشێك لەو بازرگانانەی كە بەشدارییان لەو گرووپەدا كردبوو رایانگەیاند، "ئێمە وەكو بازرگانەكانی شاری هەولێر لە رێگەی قوربانی و بەرخودانی پێشمەرگەوە گەیشتووینەتە ئەو قۆناخە، بۆیە بۆ پاڵپشتیی تەواوی برایانی پێشمەرگە ئامادەین".

نەجمەددین حەسەن مستەفا

هەواڵی پەیوەندیدار