وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە، سنووری حەمدانییەی کۆنترۆڵ کرد
__2014_06_28_h23m22s35__BA.jpg)
ھەولێر-تایبەت بەKDP.INFO- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ھەموو ناوچەکانی قەزای حەمدانییە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە و توانیویانە ئارامی بۆ ئەوناوچانە دابین بکەن و شکستێکی گەورەیشیان بە داعش بردووە.
بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(عەمید ھەڵگورد حیکمەت)،بە KDP.INFO ی راگەیاند: لە رۆژی 25ی ئەم مانگەدا شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە ناوچەی حەمدانییە دەستی پێ کردووە و، نزیکەی سێ رۆژی خایاند، لە ئەنجامدا ئاوارەیەکی زۆری ئەو ناوچانەی لەژێر دەستەڵاتی داعشدا بوون، لە گوندی گۆگجەلیل تا دەگاتە گوندی عەلی رەش و ناوچەکانی سەلامییە کە سوننە و تورکمان و مەسیحین، ڕوویان لە شاری ھەولێر کردووە.
(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی: لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر جار ھێرشی سەر پێشمەرگە کراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەو ھێرشانە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە تێکشکێندراون و شکستیان بردووە و ڕاینکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش کوژراون و بریندار بوون، کە "ژمارەیان یەکجار زۆرە."
بەڕێوبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەشی دا، ھێزی پێشمەرگە تەواوی ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و لەئێستادا لە ئامادەباشیدان بۆ ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو و تەواوی ئەمنیەتی ناوچەکەیان لەئەستۆ گرتووە.
بڵند ئیبراھیم




