مۆڵەت بە ھەر کەسێک نادرێت پاڵاوتە دابمەزرێنێت.. ژینگە هۆکاری سەرەکییە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.INFO- سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات کە، تەنیا دوو پاڵاوتە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و رێگەیش بە کەرتی تایبەت نادرێت پاڵاوتە دابمەزرێنن. ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سێ پاڵاوتەی گەورە و هەندێکی بچووکیش لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام ناکرێت مۆڵەت بە ھەموو کەسێک بدرێت، چونکە کاریگەریی خراپی بۆ سەر ژینگە دەبێت.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، (عەلی ھالۆ)، بەKDP.INFOی راگەیاند: لە ھەرێمی کوردستانێ سێ پاڵاوتەی گەورە ھەن و چەند دانەیەکی بچووکیش ھەن، بۆیە ئەو قەیرانەی دروست بووە لەبەر ئەوە نییە سوتەمەنی لە ھەرێم کەمی کردووە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەو قەیرانەی لە عێراق دروست بووە، کاریگەری کردووەتە سەرھەرێمی کوردستانیش، چونکە بەشێک لە سووتەمەنیی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ھەرێم دەڕوات.
(ھالۆ) گوتیشی: پرۆسەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان نوێیە و ناکرێت بەراورد بکرێت بە ئەو وڵاتانەی کە نزیکەی سەدەیەکە لەو بوارەدا کار دەکەن و زۆرێکیش لە وڵاتان ھاوکاری دەکەن.
زیاتر گوتی: ناکرێت رێگە بە ھەمەر کەسێکیش بدرێت پاڵاوتە دابمەزرێنێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگەیە و لەبەرئەم ھۆکارەیش هێشتا رێگە نەدراوە، تا ئەو کەرتە رێک دەخرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ماوەیەک بەر لەئێستا گفتوگۆمان کرد کە پێویستە پاڵاوتە تایبەتەکان نەمینێن، چونکە کاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پاڵاوتەکان ژمارەیان زیاتر بکرێن، بۆئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بێت، ئەمەیش بەپێی پلانێک دەبێت.
(ھالۆ) روونیشی کردەوە، حکوومەت پلانێکی ھەیە بۆئەوەی پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوتەکان رێک بخات بە جۆرێک کاریگەری لەسەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان نەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (د.عیزەت سابیر) رایگەیاندووە، تەنھا دوو پاڵاوتە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن، ئەوانیش ھیی وەزارەتی نەوتی عێراقن و رێگە بە کەرتی تایبەت نادرێت پاڵاوتە دابمەزرێنن.
بڵند ئیبراھیم




