هەوڵەکانی داعش بۆ دەستبەسەرداگرتنی پاڵاوتەی بێجی سەرکەوتوو نابن

تکریت-تایبەت بەKDP.info- سەرچاوەیەک لە فیرقەی چواری سوپای عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی تکریت و پاڵاوتەی بێجی ھەردووکیان لە دەست سوپای عێراقدان و فڕۆکە جەنگییەکانیش بە بەردەوامی چەکدارانی داعش بۆردووماران دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەkdp.infoی راگەیاند: "چەکدارانی داعش زۆر ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی پاڵاوتەی نەوتی بێجی دەدەن و ناوناوە ھێرش دەکەنە سەر پاڵاوتەکە، بەڵام لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای عێراقەوە بۆردوومان دەکرێن و شکست بە ھەوڵەکانیان دەھێنن."
سەرچاوەکە زیاتر گوتی: "دوێنێ پێنجشەممە، چەکدارانی داعش جارێکی دیکە ھێرشیان کردە سەر پاڵاوتەکە، بەڵام فڕۆکەکانی سوپای عێراق بە هۆی بۆردوومانی خەستی چەکدارانەوە ڕێگرییان لە پێشڕەوییان کرد و 50ئۆتۆمبێلی داعشیشیان سووتاند."
زیاتر گوتی، ئێستادا شەڕی سوپای عێراق لەگەڵ چەکدارانی داعش تەنیا بە فڕۆکەیە و شەڕی پیادە ناکەن و بزانن لە ھەر شوێنێک چەکدارانی داعش ھەبێت بۆردوومانی دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




