هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی عێراق زانکۆی تکریتیان بۆردوومان کرد

بەغدا-KDP.info- هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، بۆ وەدەرنانی چەکدارە توندڕۆکان حەرەمی زانکۆی تکریتیان بۆردوومان کرد.
تکریت کە شوێنی لەدایکبوونی سەرۆکی پێشووی عێراق(سەددام حوسێنە) دوو هەفتە لەمەوبەر لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش)-ەوە دەستی بەسەردا گیرا، ئەمیش پاش ئەوە دێت کە هەمان گرووپ دەستیان بەسەر دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق(مووسڵ)-دا گرت.
ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند کە، بەپێی ئەو وێنە فۆتۆگرافیانەی کە لە ڕێی مانگە دەستکردەکانوە گیراون، نیشانی دەدەن کە پاش دەستبەسەرداگرتنی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، ئەو گرووپە توندڕۆیە کوشتنی بەکۆمەڵی لە تکریت ئەنجام داوە.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها دەڵێت، گرووپی داعش تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژ و لە دوو شوێندا 190 کەسیان کوشتووە. زیاتر گوتی، ڕەنگە ژمارەکە زۆر کەوە زیاتر بێت، بەڵام بەو هۆیەی نەتوانراوە بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر بچنە شوێنی تەرمەکان و دیاریکردنیش ئاسان نەبووە، هێشتا نەتوانراوە لێکۆڵینەوەی تەواوی بکرێت.
دوێنێ پێنجشەممەیش هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی عێراق چەند شوێنێکی تکریتی بۆردوومان کردووە و لە کاتی گوازتنەوەی هێزی تایبەتی سوپا، یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان بە گوللەی چەکداران تێک شکێندراوە.




