(سیستانی): بەرلە کۆبوونەوەی پەرلەمان، هەرسێ سەرۆکەکەی عێراق دەستنیشان بکەن

کەربەلا-KDP.info- مەرجەعی شیعەکان لە عێراق ئایەتوڵڵا(عەلی سیستانی) ئەمڕۆ هەینی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە وەها بڕیارە سێشەممە بەڕێوە بچێت، سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکەن.
سیستانی هاوکات ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەر لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنەکان پێویستە بیکەن، لەم چەند ڕۆژەی کە بەر لە سازدانی دانیشتنی پەرلەمان لەبەردەمیاندا ماوە، لەسەر هەرسێ سەرۆک ڕێک بکەون.
ئەم لێدوانەی ئەیەتوڵڵا(سیستانی) پاش فرمانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقە کە تێیدا داوای کرد، سێشەممە 1-ی 7 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و هەوڵەکانیان بۆ پێکهێننی حکوومەتی نوێ بخەنە گەڕ.
لە گوتاری هەینیی ڕابردوویشیدا (سیستانی) ڕایگەیاند، پەرلەمانی نوێ دەبێ دەست بە کارەکانی بکات و لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێیشدا پەلە بکات.
نووری مالیکی کە هێشتا دەستی بە فەرماڕانیی وڵاتدا گرتووە، لە لایەن ڕکابەر و هاوپەیمانەکانی پێشوویەوە بەرەوڕووی ڕەخنەگەلێک بووەتەوە و داوایان لێی کردووە تا دەستبەرداری ئەو حەزەی بێت کە لە چەندان بۆنەدا ویستی خۆی بۆ سێیەم جار بوونەوەی بە سەرۆکوەزیران ڕاگەیاندووە.
لە نوێژی ئەمڕۆ هەینیدا گوتاربێژی مەرقەدی ئیمام حوسێن(شێخ مەهدی کەربەلایی) کە هاوکات جێگری (سیستانی)-یە، لەبەرانبەر هەزاران کەس لە لایەنگرانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، وتاری ئایەتوڵڵا(عەلی سیستانی) خوێندەوە.
(سیستانی) چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، شیعەکانی ولاتەکەی هان دا تا ڕێ لە پێشڕەویی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) بگرن و بەرەوڕووی ببنەوە.
(سیستانی) ڕایگەیاند، عێراق بەرەوڕووی پیلانێکی بووەتەوە کە مەبەست لێی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوە و دابەشکردنیەتی، هۆشداریشی دا لەوەی نابێ بوار بە ناحەزانی عێراق بدرێت بەم ئامانجەیان بگەن.
REUTERS




