وەزیری ناوخۆی توركیا: بۆ قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد هەموو ئامادەكارییەك كراوە
__2014_06_26_h19m20s43__BA.jpg)
ئانكارا - KDP.info- وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، بۆ سەرخستن و بە ئەنجامگەیاندنی قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد، هەر جۆرە ئامادەكارییەك كراوە.
وەزیری ناوخۆی توركیا ئەفقان ئاڵا لە بارەی قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد و ئامادەكردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ ئەو قۆناخە گوتی، حكوومەتی توركیا سوورە لەسەر بەرەوپێشەوەبردن و بەئەنجامگەیاندنی قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد و بۆ ئەو مەبەستە ئەوەی لە دەستی حكوومەت هاتووە تا ئێستا درێخیی نەكردووە.
ئەفقان ئاڵا ڕوونیشی كردەوە، دواجار حكوومەت بۆ ئەوەی قۆناخەكە بە باشی بەڕێوە بچێت و زووتر بگاتە ئەنجام، چوارچێوەیەكی یاسایی یا پڕۆژەیاسایەكی ئامادە كرد و دەبووایە ئەو پڕۆژەیاسایە مانگی تشرینی یەكەم ڕەوانەی پەرلەمان كرابایە، بەڵام لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی توركیا زووتر لە كاتی دیاریكراو پڕۆژەیاساكە ڕەوانەی پەرلەمانی توركیا دەكرێت.
ئاڵا گوتیشی كە لەو پڕۆژەیاسایەدا كە بە پاكێجی كورد یا چوارچێوەی یاسایی قۆناخی چارەسەری ناو دەبرێ، چەندین بڕیار، خاڵ و هەنگاوی زۆر گرینگ هەن كە جێبەجێكردنیان دەبێتە هۆی رزگاركردنی توركیا لە پرسێكی یەكجار گەورە و ئاسوودەیی و بەختەوەری بۆ خەڵكی توركیا دەگەڕێننەوە.
هیوا ئەردەلان




