دادگەی دەستووریی توركیا: مافی ئۆجەلان پێشێل كراوە
__2014_06_26_h19m13s37__BA.png)
ئانكارا -KDP.info- دادگەی دەستووریی توركیا لەسەر پرسی دەستبەسەرداگرتنی كتێبێكی ئۆجەلان بڕیاری دەركرد و ئاماژەی دا كە مافی ئۆجەلان پێشێل كراوە.
دوای ئەوەی ساڵی 2009 كتێبی ئۆجەلان بە ناوی شۆڕشی گەلی كورد و مانیفستۆی نەتەوەی دیموكراتیك لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە بەر لە چاپ و بڵاوكردنەوەی دەستی بەسەردا گیرا، پارێزەرانی ئۆجەلانیش لە دادگەی توركیا سكاڵایان تۆمار كرد و داوای ئازادكردنی ئەو كتێبەیان كرد. دوای ماوەیەك دادگەی بەرایی توركیا ئەو داواكارییەی رەت كردەوە، بۆیە پارێزەرانی ئۆجەلان تانەیان لە بڕیاری دادگەی بەراییدا و كەیسەكەیان گواستەوە بۆ دادگەی دەستووریی توركیا.
لەو چوارچێوەیەیشدا دادگەی دەستووریی توركیا دوای لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوە لەسەر ئەو كەیسە بڕیاری دەركرد و بەپێی بڕیاری دادگەی دەستووریی توركیا، مافی ئۆجەلان پێشێل كراوە و پێویستە قەرەبوو بكرێتەوە.
ئەمە یەكەم جارە دادگەی دەستووریی توركیا باسی پێشێلكردنی مافی ئۆجەلان بكات.
هیوا ئەردەلان




