(دیندار زێباری): پێویستە هانی حكوومەتی عێراق بدرێت بۆ ئەوەی هاوكاریی زیاتر پێشكەش بكات

هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان (د. دیندار زێباری)، ئەمڕۆ چوارشەممە (26/6/2014)، پێشوازیی لە جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی بۆ كاروباری مرۆیی (جاكلین بادكۆك) و ڕاوێژكاری پلاندانانی ستراتیژی بۆ یۆنامی (نامیق هەیدەرۆڤ) كرد.
(بادكۆك) لەو دیدارەدا باسی لەوە كرد كە بە هۆی ئەو بارودۆخەی حاڵی حازر عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، زۆربەی ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتوونەتە كوردستان. هەروەها دەستخۆشی و ستاییشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كرد بۆ ئەو هەماهەنگییەی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕەوشەی هاتووەتە ئاراوە، دروستی كردووە.
(بادكۆك) هەروەها جەختی لە پێویستیی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و كاركردنی جیددی كردەوە لە ئێستادا، چونكە ڕەوشی پەنابەران زۆر خراپە، لەم ڕووەیشەوە باسی لەوە كرد كە حكوومەتی هەرێم ناچارە زۆربەی بەرپرسیارێتی و ئەركەكان بگرێتە ئەستۆ، هەرچەندە دووچاری قەیرانی داراییش بووەتەوە. هەر بۆیە ئەو خۆشحاڵە كە ئێستا ئەم مەسەلەیە لە دەستێكی باشدایە، بەڵام پێویستە لایەنەكانی دیكەیش بەشداری بكەن و بە ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و حكوومەتی هەرێم بە تەنیا هەموو كارەكان نەكات.
هەروەها باسی لەوە كرد كە هەوڵی سەرەكیی ئەو بریتییە لە هاندانی لایەنە كۆمەكبەخشەكان بۆ ئەوەی خۆراك و كەلوپەلی پێویست بۆ ئاوارەكان دابین بكەن. باوەڕیشی وایە كە ئاوارەكان لە ئێستادا پێویستیان بە 3,2 ملیار دۆلار هەیە و بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ڕێكخراوی جامیعەی عەرەبی و ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی دیكە دەكات. هەر بۆ ئەمە مەبەستەیش هەوڵ دەدات هانی حكوومەتی بەغدا بدات بە تایبەتی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیدا كاری زیاتر بكەن.
لای خۆی (دیندار زێباری) ڕایگەیاند كە تا ئێستا یۆنامی و كۆمسیونی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری كۆچبەران بەشدارن لە هاوكارییان و ئەگەر پێویست بكات لایەنی دیكەیش بەشداری پێدەكەن.
لە كۆتاییدا باسی لەوە كرد كە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم (دهۆك و هەولێر و سلێمانی) داوای یارمەتییان كردووە و پێویستە بە پەلە هاوكارییان بۆ دابین بكەین.




