لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنابژێردرێت

بەغدا -تایبەت بە KDP.INFO- سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە راگەیندراوێكدا وادەی یەكەم دانیشتینی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقی دیاری كرد، كە هەفتەی سێشەممەی داهاتوو، یەكی تەمووز دەبێت. پەرلەمانتارێکی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەدا تەنیا ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن و ئەستەمە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
كاندیدی سەركەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق (د. عەرەفات كەرەم)، بە KDP.INFOـی راگەیاند، لە یەكەم دانیشتی پەرلەمانی عێراقدا تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەمەیش بۆ ئەوەیە سەرپێچیی دەستوور نەكرێت، چونكە بەپێی دەستوور پێویستە دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەلبژاردن لە ماوەی 15رۆژدا ئەندامان سوێندی یاسایی بخۆن، بۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت و كۆبوونەوەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە.
(د. عەرەفات) هەروەها گوتیشی، ئەوە یەكلا بووەتەوە كە پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كوردە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەیە و هەروەها پۆستی سەرۆكوەزیرانیش بۆ شیعەیە، بەڵام ئەوەی كە كێشەی لەسەرە پۆستی سەرۆكوەزیرانە، چونكە هیچ لایەنێك رازی نییە سێبارە نووری مالیكی ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆیە ئەگەر مالیكی دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت، حكوومەت لە ماوەیەكی كەمدا پێك دێت.
(كەرەم) زیاتر گوتی، لە ئێستادا لەناو شیعەكان جگە لە نووری مالیكی دوو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەن، ئەوانیش (ئەحمەد چەلەبی) و (عادل عەبدولمەهدی)ـن، بەڵام چانسی (عادل عەبدولمەهدی) زیاترە، چونكە (چەلەبی) كەسێكی علمانییە، بۆیە رەنگە شیعەكان رازی نەبن ببێتە سەرۆكوەزیران.
بڵند ئیبراهیم




