٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆکایەتیی کۆمار فەرمانی دا پەرلەمان کۆ ببێتەوە.. پەرلەمانتارێکی کورد: ڕەنگە تەنیا بۆ سوێندخواردن بێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرمانی دا کە، سەرەتای یۆلیۆ-تەممووز پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بنرێت. پەرلەمانتارێکی ئەم خولەی پارلەمانیش باوەڕی وایە،ئاسان نییە بتوانرێت تا 1/7 حکوومەتی عێراق بەسەر هەموو ئەو ناكۆكیانەدا زاڵ بێت كە دوای 10/6 لە عێراقدا دروست بوون، بەڵام لەوانەیە ئەگەر كۆبوونەوەكەیش بكرێت تەنیا بۆ سوێندخواردن و چەسپاندنی خولی نوێی پەرلەمان بێت.

سەرۆککۆماری کاتیی عێراق(خزەیر خوزاعی) کە هاوپەیمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق(نووری مالیکی)-یە، ڕایگەیاند کە، دانیشتی پەرلەمانی عێراق لەو بەروارەی دیاری کراوە، ساز دەدرێت.

ئەندامێكی هەڵبژێدراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دكتۆر (تاریق گەردی) بۆ KDP.infoگوتی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆككۆمار خوزەیەر خوزاعی، بانگهێشتنامەی پێشكەش كردووە تا 1/7 بۆ سوێندخواردن ئامادە بین و یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوە بچێت".

(گەردی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كیری، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچوو (نووری مالیكی)-دا، جەختی كردبووەوە كە پێویستە كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 1/7 ئەنجام بدرێت، هەروەها لە گوتووێژەكانی لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش كە لە هەولێر بوو، هەمان شتی دووپات كردووەتەوە.

گوتیشی: "بە بڕوای من ڕەنگە زەحمەت بێت بتوانرێت تا 1/7 بەسەر هەموو ئەو ناكۆكیانەدا زاڵ بین كە دوای 10/6 لە عێراقدا دروست بوون، بەڵام لەوانەیە ئەگەر كۆبوونەوەكەیش بكرێت تەنیا بۆ سوێندخواردن و چەسپاندنی خولی نوێی پەرلەمان بێت و، لەوانەیشە كۆبوونەوەكە بە فراوانی بمێنێتەوە تاكو كوتلە سیاسییەكانی پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەگەنە گفتوگۆیەكی هاوبەش تاكو بتوانن نەخشەڕێگەی سیاسی لە عێراقی ئاییندەدا دیاری بكەن و ئەگەریش نەكرا، لەوانەیە لە 15 رۆژی دووەمدا ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت".

سەبارەت بە دانشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە هەولێر، (تاریق گەردی) ئاماژەی دا كە ئەوە پێشنیازێكی زۆر باشە، چونكە هەولێر شوێنێكی ئارامە و دەكرێت ببێتە شوێنی كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتە سیاسییەكان هەروەكو ساڵی 2003 دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی عێراق كە چەندین جار كۆبوونەوەی تێدا كرا و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگای عێراقی هاتن و لە ژێر چەتری هەرێمی كوردستاندا لێكتێگەیشتنێكی باش دروست بوو، جگە لەوە پێشتریش كوردستان شوێنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بووە و لێرەوە بۆ ئازادبوونی بەغدا هەماهەنگییان كردووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار