٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

برای (مەشعان جبووری) لە هەولێر نەكوژراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگی هەولێر ڕایگەیاند، چەند ماڵپەر و پەیجێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویان كردووەتەوە كە دوێنێ برای (مەشعان جبووری) لە هەولێر كوژراوە، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە كەسێكی دوژمندار كوژراوە و پۆلیسیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕائید (كاروان خۆشناو) گوتی: "دوێنێ سەعات (9)ی شەو پۆلیس لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە نزیك شیرنەمەنیی عەشتار ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە شوفێری ئۆتۆمبێلێك بە دەمانچە تەقەی لە كەسێك كردووە بە ناوی (عەبد حوسێن زامن) كە بە رەگەز عەرەبە و دواجار گیانی لە دەست داوە".

ڕائید (كاروان خۆشناو) ئەوەیشی خستە ڕوو كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە كرایەوە و بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش كوژراو دوژمندارە، پۆلیسیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترە بۆ دەستگیركردنی تاوانبار.

گوتیشی: "بە داخەوە چەند ماڵپەر و پەیجێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك هەواڵەكەیان شێواندووە گوایە كوژراو برای (مەشعان جبووری)ـیە، ئێمە وەكو پۆلیسی هەولێر ئەم هەواڵە رەت دەكەینەوە و هیچ بنەمایەكی نییە و لە ڕاستییەوە دوورە، بەڵكو ڕاستییەكە ئەوەیە كە كوژراوەكە لەسەر كێشەی دوژمنداری كوژراوە و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترە بۆ دەستگیركردنی تاوانبار".

ئومێد پشدەری

هەواڵی پەیوەندیدار