مێدیاكانی هەولێر تا یەك مانگی دیكە مۆڵەتەكانیان نوێ نەكەنەوە دووچاری رێكاری یاسایی دەبنەوە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەولێر، مێدیاكانی سنووری پارێزگاكە ئاگادار دەكاتەوە كە مۆڵەتەكانیان نوێ بكەنەوە یانیش مۆڵەت وەربگرن، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە بەپێی رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014ـی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووچاری رێكاری یاسایی دەبنەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەولێر راستی مەحموود زامدار، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، بە نووسراوی فەرمی سەرجەم مێدیاكانی سنووری هەولێر و دەوروبەری (رادیۆ، سەتەلایت، TVلۆكاڵ، خاوەنی SNG، نووسینگەی كەناڵە جیهانییەكان، كۆمپانیاكانی پەخشكردنی چەپك، خاوەنی سكرینەكان) ئاگادار كراونەتەوە كە لە رۆژی 25/6/2014 و بۆ ماوەی تەنیا یەك مانگ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن بكەن بۆ وەرگرتن و نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان.
زامدار هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەگەر لەو ماوەیەدا مێدیاكان كارەكانیان ئەنجام نەدەن، ئەوا بەپێی رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014ـی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووچاری رێكاری یاسایی دەبنەوە.




