٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دیندار زێباری: پێویستە لایەنە كۆمەكبەخشەكان پەلە لە گەیاندنی هاوكاری و یارمەتییەكانیان بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە كۆبوونەوەیەكی پەیوەندیدار بە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئاوارەكانەوە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، داوایان لە یوئێن كردووە هاوكاری لە وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بخوازن و پەلە لە گەیاندنی یارمەتییەكانیان بۆ ئاوارەكان لە هەرێم بكەن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (24/6/2014) كۆبوونەوەیەك لە نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری و سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ ئەنجام درا.

لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كرا دەربارەی چاودێریكردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ كە پەیوەندیدارە بە بارودۆخی پەنابەرانەوە و هەروەها جەخت لە گرنگیی زیاتری پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرایەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا زێباری ئەوەی خستە روو كە داوایان لە لایەنی یوئێن كردووە لای خۆیانەوە داوا لە وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بكەن هاوكاریی زیاتر پێشكەش بكەن و پەلە لە گەیاندنی یارمەتییەكانیان بكەن و ڕاستەوخۆ كۆمەكەكانیان بگەیەننە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لەلای خۆیەوە سەرۆكی دەستەكەیش دووپاتی كردەوە كە پێویستە بودجەی تایبەت بۆ هەر حاڵەتێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراوی لەم شێوەیە تەرخان بكرێت.

دیندار ڕایشیگەیاند، هەرچەندە ئەوان ئەو بارودۆخە هەڵدەسەنگێنن كە حاڵی حازر حكوومەتی هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام كومەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت هەندێ لەم كەموكورتیانە چارە بكات بۆ ئەوەی باشتر كارەكانی خۆیان ڕاپەڕێنن.  

لە كۆتاییدا هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هەماهەنگیی زیاتر بكەن بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ بە گشتی و ڕەوشی پەنابەران بە تایبەتی و بەردەوام دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی ئاوارەكانەوە وەربگیرێت. 

هەواڵی پەیوەندیدار