ئەنجوومەنی هۆزەکان: چارەی قەیرانی عێراق سیستمی فیدڕاڵییە
__2014_06_24_h0m32s40__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرکردە لە سوپای ئیسلامی لە عێراق، ئەحمەد دەبباش ڕایگەیاند، پێکهێنانی فیدڕاڵی لە ناوچە سوننەنشینەکان هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، باشترین چارەیە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزەکانیش جەخت دەکاتەوە، ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات شۆڕشی گەلە دژبە زوڵم و ستەمکاری.
ئەو کە ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕشگێڕانی هۆزەکانیشە، بەKDP.info-ی ڕاگەیاند "فیدڕاڵییەت چارەی کیشەکانمان دەکات، ئەمڕۆ عێراق بەرەوڕووی خوێنتێزانی تاییفی بووەتەوە.. ئامانجمان ئەوەیە کە هەریەکەمان خۆی حوکمی خۆی بکات، سوننە حوکمی خۆی بکات و کورد حوکمی خۆی بکات و شیعەیش هیی خۆی.. ئەمە باشترین ڕێ چارەیە بۆ بەرگرتن بەو خوێنبەربوونەی لە ئارادایە و، سەقامگیری لە عێراقدا بەرجەستە دەکات، بە پێچەوانەوە عێراق بەرەو دابەشبوون دەچێت."
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزەکان، عەلی حاتەم سلێمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر ساز درا، داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ددان بە شۆڕشی عێراقدا بنێن و پشتیوانیی بکەن.
سلێمان داوایشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووری مالیکی کرد کە دەست لە دەستەڵات بەر بدات، ئاماژە بەوەی کە ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات شۆڕشی گەلە دژبە زوڵم و ستەمکاری، هاوکات داوای لە سەرجەم لایەنە عێراقییەکان کرد حکوومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی لە کەسایەتیی عێراقی و سەربەخۆ پێک بێنن.
عێراق لە چەند هەفتەی ڕبردوودا بەرەوڕووی شکستی گەورەی ئامنیی بووەوە بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام(داعش)-ەوە، هاوکات بەردەوامیی شەڕوپێکدادان لە ناوچەگەلێکی دیکەی هەندێ پارێزگادا.
دڵشاد حوسێن




