داوا دەكرێت چارەكردنی قەیرانی دارایی و سەقامگیریی هەرێم لە ئەولەوییەتی كارەكانی حكوومەت بێت
__2014_06_23_h14m44s42__BA.jpg)
هەولێر -KDP.info- سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوا دەكەن ئەولەوییەتی كاری حكوومەت چارەكردنی قەیرانی درایی هەرێمی كوردستان بێت و پاراستنی ئارامی و ئاساییش بكاتە ئەولەوییەتی كاری خۆی. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دڵنیایی دەداتە خەڵكی كوردستان كە حكوومەت بەدامەزراوەیی دەكرێت.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە ڕاگەیاندنی كابینەی هەشتەمدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەكی كار لەسەر بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكوومەت دەكات، چونكە بۆ هەبوونی حكوومەتێكی كارای شەفاف، بەدامەزراوەییكردنی حكوومەت لە هەموو شتێك پێویستترە". هەروەها گوتی: "دڵنیام دەتوانین باڵاخانە و پڕۆژەی زۆر گەورە بنیات بنێین، بەڵام ئەگەر بنەمایەكی پتەوی حوكمڕانی دانەمەزرێنین، سەر ناكەوین".
نێچیرڤان بارزانی ددانی بەوەیش دا نا كە وێڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا كاری زۆر باش كراوە، بەڵام تیمی حكوومەت وەك پێویست سەركەوتوو نەبوو لەوەی وەك تیم پێكەوە كار بكەن، بۆیە دەبێ لەمەودوا وەك تیمێك كار بكەن و هەموو وەزیر و وەزارەتەكان لەگەڵ یەكتری ئەوپەڕی هەماهەنگ و هاوكار بن و بە مانای وشە یەك تیم بن. داوایشی لە وەزیرەكان كرد "وەزارەتەكان بكەنە دامەزراوەی ڕێكوپێك و هەوڵ بدەن بنەمایەكی كارگێڕیی ڕێكوپێك دابنێن، چونكە بێ بنەمای كارگێڕیی پتەو، ناتوانن شتی گەورە بكەین".
لە ئێستایشدا سەرجەم لایەنەكان داوا دەكەن ئەولەوییەتی كاری حكوومەت ئەوە بێت كە ئارامی و ئاساییشی كوردستان بپارێزرێت و هەوڵی چارەكردنی قەیرانی درایی بدات بە بەردەوامیدان بە سیاسەتی فرۆشتنی نەوت.
لەم بارەیەوە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان فازڵ بەشارەتی، بۆ KDP.infoگوتی: "یەكێك لە ئەولەوییەتی كاری حكوومەت كە پێویستە خەمی لێ بخوات، چارەكردنی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانە، ئەمەیش بە هۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەی نووری مالیكییەوە تووشمان بووە، دواتر كار بۆ ئەوە بكرێت گرفتی سووتەمەنی و قەیرانەكانی دیكە لەم قۆناخەدا چارە بكرێن، لەگەڵ ئەوەی پاراستنی سەقامگیریی كوردستانیش باشترین وەڵامە بۆ دوژمنەكانمان".
گوتیشی: "خەڵكی كوردستان بە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم دڵخۆشن، بۆیە هیوامان وایە كابینەی داهاتوو لە ئاستی ئەو داخوازیانەی خەڵكدا بێت، بۆ ئەوەی ئەو ئاواتانەی بەدی نەهاتوون، بە دی بهێنرێن، ئێستایش داواكاریی هاووڵاتیانی هەرێم لە وەزیرەكان و سەرۆكی حكوومەت ئەوەیە، بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دەست لەناو دەست بن".
چاودێری سیاسی ئاسۆ كەریم، بەKDP.infoـی گوت: "یەكێك لە سەرەكیترین ئەولەوییەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاراستنی ئاساییشی هەرێمی كوردستانە بە ناوچە كوردستانییەكانیشەوە، دواتر پەرەدان بە فرۆشتنی نەوت بۆ بەرزكردنەوە و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئابوورییەی كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستی كردووە".
ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی شێخ فاتح داراغایی، بۆ KDP.info گوتی: "یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی كابینەی حكوومەت ئەوەیە لەو هەوڵانە بەردەوام بێت كە بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی داویەتی، چونكە ئەو ئابڵووقەدانەی كوردستان جگە لە شەڕی دەروونی و سیاسی هیچ دیكە نییە، بۆیە دەبێت حكوومەتی هەرێم قەیرانی دارایی چارە بكات، خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگیش درێژەدانە بە گەشەسەندن و پێشكەوتنی كوردستان بۆ ئەوەی لە كاروانی ئاوەدانی دوا نەكەوێت".
کارزان هەورامی




