بزانە سیاسەتوانانی کورد دەربارەی گرووپی ئەهلولحەق چی دەڵێن؟

هەولێر- KDP.info- گرووپی ئەهلولحەق هەڕەشەی دەركردنی كورد لە بەغدا دەكات و لە كاردانەوەیەكدا چەند كوردێك دەڕفێنێت. بە گوتەی سەرۆكی دەزگای "هودا"ـیش، نووری مالیكی ئەو گرووپە بۆ گوشارخستنەسەر سەركردایەتیی كورد و سوننە بە كار دەهێنێت.
لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەی كە دەیكەنە سەر هاووڵاتیانی كورد لە بەغدا، تا دێت ناڕەزاییەكان لە دژی گرووپی "عەسائیب ئەهلولحەق" كە گرووپێكی توندڕۆی شیعەن، زیاد دەبێت. دوێنێیش 22/6/2014 گرووپەكە لە شاری بەغدا هێرشیان كردە سەر هاووڵاتیانی كورد لە بەغدا و بەشێكیان ڕفاندن و هەڕەشەی چۆڵكردنی شارەكەیشیان لێ دەكەن.
لەم بارەیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان زیرەك كەمال، بۆ KDP.infoگوتی: "گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق، گرووپێكی تیرۆریستییە و دەوڵەتی عێراقیش دەوڵەتێكە لە فەرهەنگی سیاسیدا دەوڵەتی فاشلی پێ دەگوترێت، ئەو جۆرە دەوڵەتانە هیچ بنەمایەكی دروستبوونیان نەبووە و بە زۆرەملێ دروست كراون، بۆیە هەر دەوڵەتێك بە زۆرەملێ دروست بوو، ئەو كاتە كەسانی وەك عەبدولڕەحمان عارف، سەددام حوسێن، زەرقاوی، ئەبوعومەر بەغدادی، مالیكی لەگەڵ دروستبوونیاندا لە دایك دەبن، وەك دیارە ئەو گرووپەیش زۆر دڕندانەتر لە داعش و گرووپەكانی دیكە ڕەفتار دەكەن".
گوتیشی: "یەكێك لە هۆكارەكان بێزاریی خەڵكی سوننە بوو كە وای كرد داعش بێنە سەر خەت، ئێستاش كاتێك كە گرووپی "مەرگ" یان "ئەهلی حەق" لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق كار دەكەن، تەواو پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتی و دەقە دەستوورییەكانە، چونكە ئەو گرووپە دەست لە هیچ كەسێك ناپارێزن، بۆیە دەبێت زەنگی مەترسی بۆ حكوومەت لێ بدرێت و ڕێگرییان لێ بكات".
هەر لەم بارەیەوە مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی د. ئیسماعیل شوكر، بە KDP.infoـی گوت: "هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر كورد، ئاماژەیەكی مەترسیدارە كە لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت پاكتاوی كورد بكەن، جا ئەو پاكتاوە لە ڕێگەی سیاسییەوە بێت یان سەربازی، ئێستایش ئەوەی كە لە دژی كورد دەكرێت، تەنیا ئامانجیان ئەوەیە كورد لەو شەڕە تایفییەی كە لە عێراقدا هەیە تێوە بگلێنن، بۆیە دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كورد بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و نەبنە لایەنێك لە ململانێی شیعەو سوننەكان".
گوتیشی: "لەسەر كورد پێویستە پارێزگاری لە سنووری خۆی بكات و نەهێڵێت بیخزێننە ناو شەڕەوە".
هاوكات سەرۆكی دەزگای "هودا" بۆ پرسی سیاسی د. محەممەد بازیانی، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەم گرووپە توندڕۆیە شیعانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی عێراق بەو جۆرەی لێ بێت و مالیكییش بەكاریان دەهێنێت و ناڕاستەوخۆ دەیەوێت بەم كارتە قێزەونانە گوشار بخاتە سەر سەركردایەتیی كورد و سوننەكان، لە كاتێكدا ئەم گرووپانە لە جڵە و دەرچوون و مالیكی خۆیشی ناتوانێت جڵەویان بكات".




