ئێران بە توندی دەستتێوەردانی ئەمەریکا لە عێراق ڕەت دەکاتەوە

هەولێر- KDP.info- ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی ئەمڕۆ یەکشەممە بە توندی بەرهەڵستکاریی وڵاتەکەی بۆ هەر دەستتێوەردانێكی ئەمەریکا و هەر وڵاتێکی دیکەی لە عێراق ڕاگەیاند و دەڵێت، عێراق خۆی توانای ئەوەی هەیە کۆتایی بە توندوتیژیی وڵاتەکەی بهێنێت.
ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زاری ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە، واشنتۆن دەیەوێت عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بەکرێگیراوانی تێیدا بڵاو بکاتەوە.
خامەنەیی هاوکات دەڵێت، ئەو ململانێیەی لە عێراق هەیە، تاییفی نییە، بەڵکە ململانێیە لە نێوان ئەوانەی کە دەیانەوێت عێراق لە بەرەی ئەمەریکا بێت و ئەوانەیشدا کە دەیانەوێت سەربەخۆ بێت.
هەروەها گوتی، "بە توندی دژبە دەستتێوەردانی ئەمەریکا و هەر وڵاتێکی دی دەوەستینەوە، دەست لە کاروباری عێراق وەربدات."
دەشڵێت "پێمان وایە کە، حکوومەت و مەرجەعە ئایینییەکان لە عێراق دەتوانن سنوورێک بۆ ئەو فیتنەیە دابنێن و پەنا بەخوا دەیکەن."
سەرۆکی ئەمەریکا، باراک ئۆباما لە 19-ی یۆنیۆ- حوزێراندا پێشنیازی کرد نزیکەی 300 ئەمەریکایی بۆ هاوکاریی حکوومەتی بەغدا لە شەڕی دژبە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، بچنە عێراق.
بەڵام ئۆباما بەدەم ئەو داوایەی مالیکییەوە نەچوو بەوەی هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر توندڕۆکان لە عێراقدا.
خامەنەیی بە ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەمەریکا بە ئیرادەی گەل ڕازیی نییە و دەیەوێت لە ڕێی دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکەوە، هەیمەنەی بەسەر عێراقدا هەبێ و بەکرێگیراوانی حوکمی تێدا بکەن.




