پێشمەرگە ڕێگای نیوان مووسڵ - ناوچە كوردستانییەكانی داخست

مووسڵ-KDP.info- وەک کاردانەوە بەرانبەر بە شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک بە پلەی نقیب، هێزەکانی پێشمەرگە ڕێگای نیوان مووسڵ - ناوچە كوردستانییەكانی داخست. رائیدێکی پێشمەرگەیش دەڵێت، داعش دەیانەوێت دەستی رەشیان بگەیەننە ناوچە ئارامەكانی كوردستان، بەڵام ئەوان بەریان پێ گرتوون.
دوای شەهید بوونی پێشمەرگەیەك لە خاڵی پشكنینی (تەحریر) بە دەستی چەكدارانی داعش بە چەكی دوورهاوێژ لە رۆژی پێنجشەممە ی رابردوو لە سەر ڕێگای نیوان مووسڵ - ناوچە كوردستانییەكان، هێزەكانی پێشمەرگە رێگاكەیان داخست.
بەرپرسی بازگەی تەحریر، رائید بەدرخان حاجی مووسا بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند: ثێنجشەممەی رابردوو، لە خاڵی پشكنینی تەحریر پێشمەرگەیەکمان بە پلەی نەقیب بە دەستی چەكدارانی داعش شەهید كرا و وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەریان، رێگای نێوان مووسڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێممان بە تەواوی داخستووە.
رائید بەدرخان گوتیشی: چەكدارانی داعش نزیكەی كیلۆمەتریك لێمانەوە دوورن و رۆژانەیش بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆیانە و دەسوڕێنەوە، بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت دەستی رەشیان بگەیەننە ناوچە ئارامەكانی كوردستان، بەڵام ئێمەی پێشمەرگە هەمیشە لە ئامادە باشیداین بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك.
نەشوان بەرزنجی




