ئاوارەكانی خوارووی عێراق لە كەمپێكی چەمچەماڵدا كۆ دەكرێنەوە

چەمچەماڵ-KDP.info-لە سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەكانی ناوەڕاستی عێراقەوە، نزیكەی (2000) خێزان ڕوویان كردووەتە شاری چەمچەماڵ و ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەكانیش، كاریگەرییەكی زۆری كردووەتە سەر بازاڕ و كرێی خانوو، بۆیە بە مەبەستی چارەكردنی ئەم كێشەیە بڕیار درا كەمپێك بۆ ئاوارەكان دروست بكرێت.
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ژیانی ئاوارە عەرەبەكانی نیشتەجێی شاری چەمچەماڵ، ئەمڕۆ جێگری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق د. سەلام داوود خەفاجی، سەردانی چەمچەماڵی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئیدارەی شاری چەمچەماڵ، بڕیار درا كەمپێك بۆ ئەو ئاوارانە بكرێتەوە.
لای خۆیەوە د. سەلام داوود سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری چەمچەماڵی بە تایبەتی كرد بۆ ئەو بەهاناهاتن و جێكردنەوەیە و گوتی: "چیمان لە برایانمان لە هەرێمی كوردستان چاوەڕوان دەكرد، هەر بەو شێوەیە بوون".
د. سەلام هەروەها ئاماژەی دا: "جێگەی خۆیەتی سوپاسی تاك بە تاكی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم، كە لەم بارودۆخەدا توانییان ببنە پەناگەیەكی ئارام بۆ ئەو خیزانە ئاوارانە".
گوتیشی: "بەم زووانە كەمپێك بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە دەكەینەوە و هەموو خێزانەكان لەو كەمپەدا نیشتەجێ دەكەین".
هیوا حوسێن ئەمین




