ئەگەر مالیكی لە دەستەڵات بمێنێت عێراق پارچەپارچە دەبێت

بەغدا -تایبەت بەKDP.INFO-گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمەریكا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر نووری مالیكی جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆكوەزیران، عێراق پارچەپارچە دەبێت، چونكە دەزانن بۆ ئەو قۆناخە كەسێكی گونجاو نییە.
گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق موئەیەد تەییب، بە KDP.INFOـی راگەیاند: ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەدایە عێراق بە یەكپارچەیی بمینێتەوە و سیستەمی دیموكراسی پێڕۆ بكرێت، بەڵام لە ئێستادا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر نووری مالیكی ویلایەتی سێیەمی سەرۆكوەزیران وەربگرێت، عێراق پارچەپارچە دەبێت، بۆیە كە دەبینن عێراق بەرەو ڕووخان دەڕوات، دەزانن مالیكی كەسی ئەو قۆناخە نییە و گونجاویش نییە سێبارە پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت.
موئەیەد تەییب گوتیشی: نووری مالیكی ناتوانێ جارێكی دیكە پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت، چونكە پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكاندا خراپە، بەمەش ناتوانێ زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی پەرلەمان بەدەست بێنێت.
گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەیشی خستەڕوو، ئەمەریكا بە یەك چاو تەماشای هەرسێ پێكهاتەی سوننە و كورد و شیعە دەكات لە عێراقدا و لەگەڵ ئەوەدان ئەو سێ پێكهاتەیە یەكگرتوو بن، بەڵام ئەوەی كە كێشەی مەزهەبی و ئایینیی نییە و لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی عێراقدایە، تەنیا كوردە، چونكە پێكاهاتەكانی دیكە زیاتر پرسی تایفی بەسەریاندا زاڵە، بۆیە لە ئێستادا كورد نزیكترین پێكهاتەیە بۆ ئەمەریكا.
بە بڕوای موئەیەد تەییب، باشترین چارە بۆ دۆخی ئێستای عێراق گۆڕینی نووری مالیكییە و دانانی كەسێكی گونجاوە لە شوێنی ئەو كە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەنێك بێت، بە پێچەوانەوە عێراق پارچەپارچە دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




