ئەردۆغان: دابەزاندنی ئاڵای توركیا لە دیاربەكر كاری دارودەستەی گولەن بوو

پاریس-kdp.info- سەرۆكوەزیرانی توركیا لە بارەی دابەزاندنی ئاڵای توركیا لە دیاربەكر رایگەیاند، دابەزاندنی ئاڵا لە دیاربەكر كاری دارودەستەی گولەن بووە.
سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە میانی گوتارێكدا كە لە شاری لیونی فەڕەنسا پێشكەشی هاووڵاتییە توركەكانی دانیشتووی ئەو وڵاتەی كرد، سەرەڕای ئەوەی داوای لەو هاووڵاتیانە كرد تا بە شێوەیەكی چالاك بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیادا بكەن، هاوكات باسی بارودۆخی توركیا و ناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی ئاكەپە و دارودەستەی گولەن و دەوڵەتی شاراوەی كرد.
ئەردۆغان گوتی: جەماعەتی گولەن و دەوڵەتی شاراوە بۆ ئەوەی بتوانن بارودۆخی توركیا ئاڵۆز بكەن و توركیا تووشی شەڕی ناوخۆیی و ئاژاوە بكەن، هەوڵی زۆریان داوە و چەندین پیلانی قیزەونیان جێبەجێ كردووە.
ئەردۆغان گوتیشی كە دواپلانی جەماعەتی گولەن و دەوڵەتی شاراوە ئەوە بوو كە لە كاتی چالاكیی دانیشتووانی ناوچەی دیاربەكردا چەند كەسێكیان نارد و ئاڵای توركیایان لەسەر بنكەیەكی سەربازیی هێزی ئاسمانی دابەزاند، بەو چالاكییە ویستیان زەمینە بۆ ئەوە خۆش بكەن كە سەربازەكان تەقە لە خەڵك بكەن و خەڵك بكوژن تا بەو جۆرە توركیا تووشی قەیران و ئاژاوە ببێت.
هیوا ئەردەلان




