جەی گارنەر: دەبوایە لە 2003-وە سیستمی فیدڕاڵی لە عێراقدا پێڕۆ کرابایە

هەولێر-KDP.info- ژەنەڕاڵ جەی گارنەر دەڵێت، دەبوایە ئەمەریکا لە 2003-وە سیستمی فیدڕاڵی لە عێراقدا پێڕۆ کردبا. ئاماژەیشی دا کە، واشنتۆن پێشتر دەیزانی نووری مالیکی کورد لە مافەکانی بێبەش دەکا و سوننەیش دەچەوسێنێتەوە.
دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق، بەرپرسی پێشووی دۆسێی بنیاتنانەوەی عێراق، جەی گارنەر گوتی، "ئەوەی کە ئێستا لە عێراقدا دەیبینین شەڕی عەرەب دژبە عەرەب و شەڕی ئایینی دەبینین، بوەڕیشم وایە کە لەو چوارچێوەیەدا ئەرکی ئێمە نییە دەستوەربدەینە وەها دۆخێک."
زیاتر گوتی "من وەک تاکێک لەگەڵ ئەوە نیم هێرشی ئاسمانی بەرپا بکەین و هاوکات لەگەڵ ئەوەیش نیم سەربازانمان بچنە ئەو وڵاتەوە، زیاتر لەوەی کە بۆ پاراستن و چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکانمان پێویستن."
دەربارەی دەستتێوەردانی سەربازییش بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن، گارنەر دەڵێت، "دەستتێوەردانمان کارێکی باش بوو، بەڵام کارێکی خراپمان کرد جێمان هێشت." ئەو پێی وایە دەبوایە واشنتۆن "سیستمێکی فیدڕاڵی بۆ حکوومەتی عێراقی لە پاش 2003-وە بەرجەستە بکردایە کە لەسەر ئاستی نەژادی و ئایینی و هۆزگەرایی ئاسوودەیی وەبەر دەهێنا."
گارنەر هاوکات گوتی "هیچ لایەک نایەوێت لە بەغداوە حوکم بکرێت، لە 2010-دا پشتیوانیی مالیکیمان کرد و دەشمانزانی کە کورد لە مافەکانی بێبەش دەکا و سوننەیش دەچەوسێنێتەوە." ئەو دەڵێت، عێراق و ئەمەریکا لە ساڵی 2011-دا لە ڕێککەوتنی هێشتنەوەی سەربازانی ئەمەریکا شکستیان برد، ئەمەیش "کارە باش و بەدەستهاتووەکانمانی خستە مەترسییەوە."
گارنەر هەروەها ئەوەیشی بیر هێنایەوە کە لە ساڵی 2013-یش کاتێک هێڵێکی سووریان بۆ سووریا کیشابوو و دواتر "ترسنۆکانە" لێی پاشگەز بوونەوە، ئاماژەیەک بوو بۆ تیرۆریستان کە ئەمەریکا هیچی لەدەست نایەت.




