هاشمی: ناتوانین کورد ناچار بکەین لە نێو عێراقدا بمێنێتەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق، تاریق هاشمی دەڵێت، عێراق بەرەو پارچەبوون دەچێت و کوردیش لەونێوەدا بڕیار لەسەر دواڕۆژی خۆی و سەربەخۆیی دەدات و ئەمەیش بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی مالیکییەوەیە.
هاشمی کە بڕیاری دادگاییکردنی لە لایەن حکوومەتی بەغداوە بۆ دەرکراوە و لە ئێستادا لە تورکیایە، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن" تورکدا گوتی، ڕەوشی ئێستای عێراق بەرەو شەڕی مەزهەبی دەچێت و دەڵێت، "ئێمە لایەنگری یەکپارچەیی خاکی عێراقین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێ، ئەستەمە عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە."
دەربارەی ڕەوشی کورد لە عێراق و ئاواکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هاشمی دەڵێت، "وەک عێراقییەک دەخوازم کورد لە نێو عێراقی یەکگرتوودا بمێنێ، بەڵام ئێمە ناتوانین بۆ بەیەکگرتوویی هێشتنەوەی عێراق ناچاریان بکەین، ئەوان(کورد) خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان دەدەن و ئەگەر سەربەخۆییش ڕابگەیەنن، ئەمە خەتای مالیکییە نەک کورد."




