یونسكۆ، قەڵای هەولێری خستە نێو فەرهەنگی كولتوورە جیهانییەكانەوە

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی رایگەیاند كە، سەرلەبەیانیی ئەمرۆ شەممە، بە فەرمی لە دۆحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر لیژنەی كولتوورە جیهانییەكانی سەر بە رێكخراوی یۆنسكۆ رەزامەندیی دا و داواكەی قبووڵ كردوون بۆ ناساندنی قەڵای هەولێر وەكو یەكێك لە شاكارە مرۆییەكانی دونیا و بە فەرمی و بە شێوەی هەمیشەیی خرایە فەرهەنگی كولتوورە جیهانییەكانەوە.
نەوزاد هادی بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، "چاوەروانی گەڕانەوەی كۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵایش دەكەین لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو تاكو وردەكارییە تەكنیكی و فەرهەنگییەکانی ئەو سەركەوتنە گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان روون بكەنەوە."
هادی هاوکات پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش جەماوەری هەولێر کرد بۆ "ئەو سەركەوتنە مێژووییە" كە بۆیەكەمجارە لە سایەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمدا شوێنەوار و كولتوورێكی لەسەر ئاستی دونیا وەكو شاكارێكی مرۆیی بناسرێت و قەڵای هەولێری دێرین وەكو شاكارێكی مرۆیی ببێتە جێگەی بایەخی توێژەر و زانا و شوێنەوارناسان و گەشتیارانی دونیا.
ئەو گوتی "هەولێر بەم نازناوە مێژووییە دەستكەوتێكی هەرە گرینگی گەشتیاری و شوێنەوارناسی و فەرهەنگی لەسەر ئاستی دونیا بە دەست دێنێت و تاجی شایستەیی لەسەر ئاستی دونیا لە تەك میدالیا و نازناوی پایتەختی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی عەرەب بۆ ساڵی 2014 لەسەر دەنێت."
کەنعان بەهائەددین




