٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

خەسرۆ گۆڕان: مالیكی چانسی بوونەوەی بە سەرۆكوەزیران لە دەست داوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرۆ گۆران بڕوای وایە، مووسڵ بە ئاسانی لە لایەن بەغداوە كۆنتڕۆڵ ناكرێتەوە. دەشڵێت مالیكی چانسی بوونەوەی بە سەرۆكوەزیران لە دەست داوە.

ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرۆ گۆران، لەبارە ڕەوشی مووسڵەوە بۆ KDP.info دەڵێت: "حكوومەتی عێراق لەبەرانبەر ڕووداوەكەی مووسڵدا بێدەنگ نییە، لە هەمان كاتدا تەواو شڵەژاون و لە ڕووی مەیدانییشەوە هێرشیان كردووە، بە تایبەتی بۆ شارۆچكەی تەلەعفەر كە لە فڕۆكەخانەی ئەو شارۆچكەیە دەستیان بە جموجۆڵ كرد و شەڕ بەردەوام بوو، بەڵام نەیانتوانی هیچ بكەن."

گوتیشی: "پێم وایە مووسڵ شارێكی گەورەیە و ناتوانن وا بە ئاسانی كۆنتڕۆڵی بكەنەوە، بۆیە دەبێت پلانێكی تۆكمە هەبێت تا ئەو شارە بگیرێتەوە، چونكە بەس مووسڵ نییە، بگرە دۆخی ئەنبار و دیالە و سەڵاحەددینیش لە دۆخی مووسڵ باشتر نییە، كە ئەوەش ناوچەیەكی بەرفراوانە و ئاستەمە بەم زووانە بتوانرێت لە دەستی داعش دەربهێنرێن".

خەسرۆ گۆران هەروەها ئاماژەی دا: "بارودۆخی مالیكی زۆر خراپە، چونكە ئەوەی ڕووی دا لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە شكستێكی گەورە بوو بۆ مالیكی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، چونكە بڕوای نەدەكرد بەم شێوەیەی بەسەر بێت، ئەمە وای كرد كە چانسی بوونەوە بە سەرۆكوەزیران لە دەست بدات، چونكە زۆر وڵاتانی ئەورووپا و لایەنە سیاسییەكان دەڵێن قۆناخی مالیكی تەواو بووە".

سەبارەت بە ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم قۆناخەدا، گۆران گوتی: "پارتی ستراتیژ و دووربینیی خۆی هەیە و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانییش هەمووی بۆ ئەوەیە كوردستان كەمترین زیانی لەو ڕووداوانە بەر بكەوێت، ئێمە وەك پارتی پابەندین بەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە و لە یەكەم ڕۆژەوە پارتی كەوتە جموجۆڵ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بێگومان لەو ململانێ سیاسیانەی عێراقیشدا پارتی ئامانجی خەڵكی كوردستان دەخاتە پێشەوە".

 

کارزانی هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار