٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

قەتەر 50 تۆن خۆراك و كەلوپەلی دیكەی بۆ ئاوارەكانی مووسڵ لە هەرێم دابین كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- لە كۆبوونەوەیەكی پەیوەندیدار بە ڕەوشی ئاوارەكانی ناوخۆدا، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، وڵاتی قەتەر بڕی 50 تۆن خۆراك و كەلوپەلی دیكەی دابین كردووە و بڕیارە ئەمڕۆ لە رێگای فڕوكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگاتە هەرێمی كوردستان.

 

پێشنیوەڕی ئەمڕۆ (19/6/2014) كۆبوونەوەیەك لە نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری و شاندی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچبەران ئەنجام درا كە پێك هاتبوو لە بەرپرسی رێكخراوەكە ڤلادمیر گڤیلاڤا و ئەندامی رێكخراوی كۆچبەران ترۆستەن هاسچێنز.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی ڕێكخراوەكە باسیان لەوە كرد كە لەبەر ئەو ڕەوشەی هاتووەتە ئاراوە، ئەوان دووچاری دژواری بوونەتەوە لە یارمەتیدانی سەرجەم ئاوارەكان و بە هۆی ئەو بارودۆخەی ئێستایش لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە، ئەوان ناچارن زۆربەی كارەكانیان لە بەشەكانی دیكەی عێراقەوە بگوازنەوە بۆ كوردستان.

هەروەها جەختیان كردەوە كە ئەوان بەنیازن ڕاهێنانی پیشەیی بۆ ئاوارەكان بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بتوانن كار بكەن و درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.

لە لایەكی دیكەوە باسیان لەوە كرد كە لە دەرەوەی عێراق بیروباوەڕێكی هەڵە هەیە، چونكە پێیان وایە لەبەر ئەوەی گەشەكردنێكی زۆر هەیە لە كوردستاندا و عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، ئەوا پێویست ناكات هاوكارییەكی زۆر بكرێن لەم ڕووەوە، بەڵام ئەمە هەڵسەنگاندنێكی هەڵەیە بۆ ڕەوشەكە.

لای خۆیەوە د. دیندار زیباری ڕایگەیاند: ئێمە هاوكار دەبین لەوەی هەر سێ پارێزگاكە (دهۆك و هەولێر و سلێمانی) چییان پێویستە لە ڕووی خواردن و كەلوپەلی دیكەوە بۆیان دابین بكەین بۆ ئەوەی بتوانن وەك پێویست بە هانای ئاوارەكانەوە بچن و چۆن هاوكارییان بكەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكان و یارمەتییەكان بە شێوەیەكی كارا دابەش بكرێن و زۆرترین كەس لێیان سوودمەند بێت.

زێباری جەختیشی كردەوە كە، لە شەنگال و شێخاندا پێویستییەكی زۆرمان بە هاوكاری هەیە و هەروەها دەیان خێزانیش لە شاری تكریتەوە ئاوارە بوون و ئێستایش لە كەمپی بەحركە نیشتەجێ كراون. هەروەها ئاگاداری كردنەوە كە وڵاتی قەتەر بە بڕی 50 تۆن خۆراك و كەلوپەلی دیكەی دابین كردووە و بڕیارە ئەمڕۆ لە رێگای فڕوكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگاتە هەرێمی كوردستان. لە هەمان كاتدا ئەوەی بە بیر هێنانەوە كە ژوورێكی عەمەلیات بۆ ئیدارەدانی ڕەوشەكە دروست كراوە.

لە كۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی زیاتر و هاوكاریكردنی یەكتر و گۆڕینەوەی زانیاری كردەوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە كار لەسەر باشتركردنی ڕەوشی ئاوارەكان بكرێت.    

هەواڵی پەیوەندیدار