لە یاساکانی داعش: كچ بەشوودان، قەدەخەکردنی جگەرەكێشان و ڕیش تاشین

مووسڵ -تایبەت بە KDP.info- دوای دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، لە ئێستادا بە زۆر یاساكانیان بەسەر خەڵكی ئەو شارەدا دەسەپێنن و هەر كەسێك جێبەجێیان نەكات، سزای دەدەن.
لەم بارەیەوە بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەعید مەمووزینی، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: بە هۆی نەبوونی ئاو و كارەبا و سووتەمەنییەوە، رەوشی هاووڵاتیانی پارێزگای مووسڵ زۆر ناخۆشە و ژیان لەو شارەدا زۆر ئەستەم بووە.
مەمووزینی گوتیشی: جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری، چەكدارانی داعش بە زۆر یاساكانیان بەسەر خەڵكدا جێبەجێ دەكەن، لەوانە پێویستە ئەو كچانەی كاتی شووكردنیانە لە دادگە ناویان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی بدرێن بە چەكداران و جگەرەكێشان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هیچ ئافرەتێكیش ناتوانێ بە بێ كەسێكی نزیكی بچێتە دەرەوە، هەروەها سەرتاشخانەكانیش نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕدێنی خەڵكی بتاشن و هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات، بە توندی سزا دەدرێت.
بە گوتەی مەمووزینی، رۆژانە دەوامی فەرمی لە مووسڵ هەیە، بەڵام زۆر لاوازە و كارەكان بە سستی بەڕێوە دەچن، ئەگەر كار بەم شێوەیە بڕوات، هیچ كەسێك لە مووسڵ نامێنێت.
ڕوونیشی كردەوە كە بنەماڵەی پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی، لە بەخێوكردنی ئەسپی گرانبەهانەدا بەناوبانگن و هەر ئەسپێكیش بە نزیكەی 30 هەزار دۆلارە، بەڵام لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هەموویان بردوون.
بڵند ئیبراهیم




