٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەورووپا تیمێك بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەكانی مووسڵ لە هەرێم پێك دەهێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەڕێوەبەری بەهاناهاتنی فریاگوزاریی مرۆیی لە حكوومەتی بەریتانیا و هەماهەنگیكاری بەهاناهاتنی خێرا لە فەرمانگەی یارمەتییە مرۆییەكان و پاراستنی مەدەنییەت لە یەكێتیی ئەورووپا، پێكهێنانی تیمێك بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەكانی مووسڵ لە هەرێمی كوردستان، بە پێویست زانرا. 

 

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری، ئەمڕۆ چوارشەممە چاوی بە بەڕێوەبەری بەهاناهاتنی فریاگوزاریی مرۆیی لە حكوومەتی بەریتانیا (جاك جۆنس) و هەماهەنگیكاری بەهاناهاتنی خێرا لە فەرمانگەی یارمەتییە مرۆییەكان و پاراستنی مەدەنییەت لە یەكێتیی ئەورووپا (جەین لۆیس) كەوت  و سەبارەت بە رەوشی پەنابەران و قەیرانەكانی ئێستای عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو لا تیشكیان خستە سەر چەند پرسێكی گرنگ كە چۆن دەتوانن یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و پەنابەرە عێراقییەكان بە تایبەتی ئاوارەكانی شاری مووسڵ كە لە هەرێمی كوردستانن.

شاندی حكوومەتی بەریتانیا و یەكێتیی ئەورووپا ئاماژەیان دا كە دەیانەوێ تیمێك لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن بۆ مەبەستی راوێژكاری و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم، لە هەمان كاتدا هاوكاریی دارایی بە بڕی (5000000) پێنج ملیۆن پاوەندی بەریتانی كە دەكاتە نزیكەی هەشت ملیۆن دولاری ئەمەریكی، پێشكەش بكەن بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی شاری مووسڵ. هەروەها بەڕێوەبەری بەهاناهاتنی فریاگوزاری مرۆیی لە حكوومەتی بەریتانیا گوتیشی كە نوێنەرێكی شارەزا دادەنێن بۆ هەماهەنگیی نێوان لایەنە بیانییەكان و حكوومەتی هەرێم.

لە لایەن خۆیەوە د. دیندار زێباری تیشكی خستە سەر رۆڵی گرنگی لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە رووی هەماهەنگی و ئاشتەوایی و لێكتێگەیشتنی لایەنەكان. هەروەها زێباری گوتیشی كە رۆڵی لایەنی نێودەوڵەتی گرنگە لە بەهاناهاتنی قەیرانەكانی عێراق و هەمیشە رۆڵیان لە هێوركردنەوەی كێشەكان و بەدەمەوەهاتنی مرۆییانەی پەنابەران لە عێراقدا گێڕاوە.

هەروەها زێباری داوایشی لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان كرد گوشاری زیاتر بخەنە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی یارمەتییە داراییەكان بگەیەنێتە دەستی ئاوارەكانی شاری مووسڵ لە كاتی خۆی و هەروەها زیادكردنی بڕەكەی كە لە ئێستادا ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەمە سەرەڕای بوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، گوتیشی كە هەفتەی رابردوو بە هاوكاریی جێگری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و نوێنەری پارێزگاكان و ئاژانسەكانی یوئێن (ژووری عەمەلیات)ـیان بۆ یارمەتیدانی قەیرانی ئاوارەكانی مووسڵ و ناوەڕاست و باشووری عێراق پێك هێنا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار