گرفتی كەمیی بەنزین چارە دەكرێت... هێنانی بەنزین لە دەرەوە دەست پێ دەکاتەوە

هەولێر-تایبەت بە KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی كێشەی كەمیی بەنزین چارە بكەن و بۆ ئەم مەبەستەیش بڕیارە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی ناوخۆ كۆبوونەوەیەك ساز بكەن و رێگەچارەیەك بدۆزنەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر هەمزە حامد، بۆ kdp.infoئاشكرای كرد، ماوەی دوو رۆژە لە هەولێر كێشەی كەمیی بەنزین هاتووەتە ئاراوە، ئەمەیش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە هەندێك بەنزیخانە كێشەیان هەیە و ئەو بەرنامەیەی بۆیان دیاری كراوە، لەسەری ناڕۆن و خەڵكێكیش هەیە بازرگانی بە سووتەمەنییەوە دەكات لەبەر ئەوەی لە شوێنەكانی دیكە گرانترە، ئەمەیش لەم رۆژگارەدا هەستنەكردنە بە بەرپرسیارەتی.
هەزە حامد گوتیشی: هۆكارێكی دیكەیش، ئەو قەیرانەیە كە لە عێراقدا ڕووی داوە و هاتنی نزیكەی 500 هەزار كەسیش بۆ هەرێم كە زۆرینەیان لە دهۆكن، ئەمەیش هۆكارێكی ترە. هەروەها هۆكاری سێیەمیش ئەوەیە كە بەشێك لە بەنزینی بەنزیخانە ئەهلییەكان كەم كراوەتەوە و بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دابین كراوە كە ئەوان لە ئێستادا لە سەنگەرن، ئەمانە هەموو كاریگەریی خۆیان هەیە و بوونەتە هۆكار بۆ كەمبوونەوەی بەنزین.
بە گوتەی هەمزە، خەڵكی خۆیشمان هۆكارێكی دیكەیە بۆ دروستبوونی ئەو كێشەیە، چونكە خۆیان قەرەباڵغی لە بەنزیخانەكان دروست دەكەن و رەنگە شوفێر بەنزینیشی هەبێت و بڕوات نۆرە بگرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند: بەشەنەوتی هەولێر كەمی نەكردووە و وەكو پێشووە، بەڵام ئەم هۆكارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو كێشەیە دروست بێت.
هاوكات گوتیشی: بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی ناوخۆ كۆ ببنەوە و تاوتووی ئەو كێشەیە بكەن، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە، ئێمەیش داوا دەكەین بەشەبەنزینی هەولێر زیاد بكرێت.
هەمزە حامد ئاماژەیشی دا: رێگە بە بازرگانان دەدەین بۆ ئەوەی بەنزین لە توركیا و ئێران و ئازەربایجانەوە هاوردە بكەن و بە شێوەی بازرگانی بیفرۆشن، چونكە ئەمە خواستی لەسەرە و ئێمەیش ئەمە ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی رێگە بە بازرگانەكان بدەن و رەنگە ئەوانیش رێگری نەكەن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارە بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




