بۆ چارەكردنی دۆخی ئاوارەكان، حكوومەتی هەرێم بەرەوڕووی گوشاری دارایی بووەتەوە
__2014_06_17_h19m48s34__BA.jpg)
هەولێر -KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆ زۆر زیاترە لەوەی هەرێمی كوردستان پێشبینیی دەكرد، لەبەر ئەوە پێویستە هاوكاری و یارمەتیی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە دابین بكرێت.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری، ئەمڕۆ 16/6/2014، كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNDP) لە عێراق ئادەم عەبد مەلا، ئەنجام دا. تەوەری كۆبوونەوەكەیش بریتی بوو لە باسكردنی ڕەوشی ئاوارەكانی ناوخۆ، كە بە هۆی توندتیژییەكانی مووسڵ و دەوروبەرییەوە هاتووەتە ئاراوە.
د. زێباری جەختی لە دروستكردنی ژووری عەمەلیات كردەوە، بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بكرێت كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە.
گوتیشی: ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆ زۆر زیاترن لەوەی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكرد، لەبەر ئەوە پێویستە هاوكاری و یارمەتیی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە دابین بكرێت. زێباری هەروەها ئاماژەی دا كە حاڵی حازر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر گوشارێكی دارایی زۆردایە و زۆربەی توانا و سەرچاوەكانی حكوومەت بۆ نیشتەجێكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاوارەكانی سووریا تەرخان كراوە. ڕاشیگەیاند كە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا تیمێكی هەماهەنگی بۆ گۆڕینەوەی زانیارییەكان لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان پێك هاتووە بۆ نەهێشتنی كەموكورتییەكان و بۆ ئەوەی پێداویستییەكان بە شێوەیەكی كارا دابەش بكرێن و لەم ڕووەوە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم ئاگادار بكرێنەوە.
لای خۆیەوە، بەرپرسی پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئادەم عەبد مەلا، باسی قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكانی مووسڵ كرد و پێداگری لەسەر گرنگیپێدانی زانیاریی ورد و ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردەوە.
بەرپرسی (UNDP) لە عێراق، ئاماژەی بەوە دا كە (UNDP) ئامادەیە بۆ دابینكردنی هاوكاری و بەشداریكردن لە هەوڵەكانی چارەكردنی قەیرانی ئاوارە ناوخۆییەكان.




