٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

توركیا هەوڵی ئازادكردنی كۆنسووڵ و كارمەندەكانی لە مووسڵ دەدات

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕایگەیاند، هێشتا كۆنسووڵی توركیا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستبەسەرە و حكوومەتی توركیایش لە هەوڵی ئازادكردنیاندایە.

 بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ عیسمەت رەجەب، بە kdp.infoـی راگەیاند: هێشتا مووسڵ لە دەست چەكدارانی داعشدایە و هێزەكانی پێشمەرگەیش لە دەوروبەری مووسڵ جێگیر كراون و هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك لە نێوان چەكدارانی داعش و پێشمەرگەدا ڕووی نەداوە، تەنیا جارجار بۆسە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دادەنێنەوە و دوێنێیش بۆسەیەك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دانرابوو، لە ئاكامدا پێشمەرگەیەك شەهید بوو.

عیسمەت رەجەب گوتیشی كە ئەوان وەكو حیزب لە كاری خۆیان بەردەوامن و تەنیا بارەگای لقیان لە دەست داوە و رێكخستنەكانیان لە دەرەوەی شاری مووسڵن و بەرەوامن لە كاری خۆیان و رۆژانە سەردانی خەڵك دەكەن و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیانیان دەبن.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە هێزی پێشمەرگە ناچێتە ناو مووسڵەوە، چونكە ئەمە پێویستی بە بڕیار هەیە و دەبێت سەرۆكوەزیرانی عێراق داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات، ئەو كات بڕیاری لێ دەدرێت بچێتە مووسڵ یاخود نا، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی بەغدا لە ئاست ڕووداوەكانی ئەو پارێزگایەدا بێدەنگ و بێهەڵوێستە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕوونیشی كردەوە: كۆنسووڵی توركیا و 42 كارمەندی كۆنسووڵخانەی توركیا تا ئێستا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستبەسەر كراون و ئازاد نەكراون، بەڵام حكوومەتی توركیا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئازادكردنیان.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار