دادگای باڵای توركیا بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە زانیارییەكی لە بارەی رووداوەكانی مووسڵەوە قەدەخە كرد
__2014_06_17_h16m57s39__BA.jpg)
ئانكارا -kdp.info- دادگەی سزای گرانی توركیا، لەسەر داوای حكوومەت و دەزگای باڵای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی توركیا، بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و راپۆرتێكی لەسەر رووداوەكانی شاری مووسڵ قەدەخە كرد.
دوای ئەوەی دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیادا بڕیار درابوو كە نابێ هیچ دەزگا و ناوەندێكی راگەیاندنی توركیا وشەی تیرۆریست لە بەرامبەر چەكدارانی داعش بەكار بهێنێت و بۆ هیچ دەزگایەك نییە كە لە بارەی رووداوەكانی مووسڵەوە هەواڵ و راپۆرت بڵاو بكاتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای باڵای رادیو و تەلەڤزیۆنی توركیا (رتوك) رایگەیاند كە بە بڕیاری دادگەی سزای گرانی ژمارە 9ی ئانكارا تا ئەو كاتەی كە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی رفاندن و گواستنەوەی هاووڵاتییە توركە بەدیلگیراوەكانی دەستی داعش نەگەنە ئەنجام و هەروەها بە مەبەستی پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانە، بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و راپۆرت لە بارەی داگیركردنی باڵیۆزخانەی توركیا و بەدیلگرتنی هاووڵاتییە توركەكان لە لایەن داعشەوە قەدەخە كراوە.
دەزگای رتوك ئاماژەی بەوە داوە كە دادگەی سزای گرانی ئانكارا رۆژی 16ی مانگی حوزەیران بڕیاری داوە بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییە توركیانە كە بە هۆی داگیركردنی باڵیۆزخانەی توركیا لە مووسڵ لە لایەن داعشەوە بە دیل گراون و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە، بە پێی یاساكان و دەستووری بنەڕەتیی توركیا بڕیاری قەدەخەكردنی بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و زانیارییەكی لەو بارەیەوە دەركردووە.
هیوا ئەردەلان




