پاڵێوراوە هاوبەشەكەی جەهەپە و مەهەپە بووە هۆی ناڕەزایی ئاكەپە و دابەشبوونی جەهەپە

ئانكارا -kdp.info-پاڵێوراوی هاوبەشی جەهەپە و مەهەپە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا، سەرەڕای ئەوەی بووە هۆی ناڕەزایەتیی ئاكەپە، هاوكات جەهەپەیشی كردە دوو بەشەوە.
دوێنێ هەر یەك لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان لە پێناو ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا، سەرۆكی پێشووی رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی ئەكمەلەددین ئیحسانئۆغڵوویان وەكو پاڵێوراوی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا دەستنیشان كرد.
لەم بارەیەوە كەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی توركیایی بڵاوی كردەوە، دەستنیشانكردنی ئەكمەلەددین ئیسحانئۆغڵوو بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا، نەتەنیا بووەتە هۆكاری ناڕەزایەتیی ئاكەپە، بەڵكوو جەهەپەیشی كردووەتە دوو بەشەوە.
بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی و ئەندامانی كۆمێتەی ناوەندیی جەهەپە پێیان وایە كە دەستنیشانكردنی ئیحسانئۆغڵوو بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا بە پێچەوانەی پێوانە لائیكییەكانی كۆماری توركیایە، بۆیە لە دژی دەستنیشانكردنی ناوبراون بۆ پۆستی سەرۆككۆماری.
لە لای خۆیشییەوە پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا ( ئاكەپە) ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دەستنیشانكردنی ئیحسانئۆغڵوو بۆ ئەو پۆستە دەربڕی و ئاماژەی دا كە نە جەهەپە و نە مەهەپەیش نازانن ئیحسانئۆغڵوو كێیە و چ جۆرە تایبەتمەندییەكی هەیە.
هیوا ئەردەلان




