٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەدەپە: دەنگ بە پاڵێوراوی هاوبەشی جەهەپە و مەهەپە نادەین

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا -kdp.info- جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، ئەوان لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیادا دەنگ بە پاڵێوراوی هاوبەشی جەهەپە و مەهەپە نادەن.

جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتیكی گەلان پەروین بوڵدان، لە بارەی دەستنیشانكردنی ئەكمەلەددین ئیحسانئۆغڵوو لە لایەن جەهەپە و مەهەپەوە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا گوتی: "ئەمە یەكەم جارە ئەو ناوە دەبیستین، ئێمە وەكو هەدەپە ئەكمەلەددین ئیحسانئۆغڵوو ناناسین و نازانین كێیە و چۆن بیر دەكاتەوە".

پەروین بوڵدان هەروەها ئاماژەی دا: "هەدەپە پشتگیری لە هیچ پاڵێوراوێك ناكات كە نەیناسێ و نەزانێ هەڵوێستی لە بەرامبەر پڕۆسەی دیموكراسیی توركیا و قۆناخی چارەی پرسی كورد چییە، بۆیە ئەكمەلەددین ئیحسانئۆغڵوو لە لایەن هەدەپەوە دەنگی پێ نادرێت".

بوڵدان گوتیشی كە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریدا هەدەپە پاڵێوراوی خۆی دەبێت و لە خۆلی دووەمیشدا هەدەپە دەنگ بە پاڵێوراوێك دەدات كە پشتگیری لە پڕۆسەی دیموكراسیی توركیا و قۆناخی چارەكردنی پرسی كورد بكات. سەرۆكی جەهەپە لە كۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ هاوسەرۆكانی هەدەپە، باسی ئەوەی كردبوو كە لە خۆلی دووەمدا یا جەهەپە پشتگیری لە پاڵێوراوی هەدەپە دەكات یا هەدەپە پشتگیری لە پاڵێوراوی جەهەپە دەكات، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە هەدەپە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە لە خولی دووەمدا پشتگیری لە پاڵێوراوێك بكات كە بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا ( مەهەپە) پشتگیریی لێ بكات.

بڕیارە بۆ جاری یەكەم لە مێژووی توركیادا ئەمساڵ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و بۆ ئەو مەبەستە مانگی ئەیلوول هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار