كەمپێك بۆ ئاوارەكانی تەلەعفەر لە شنگال دروست دەكرێت

شنگال - تایبەت بە KDP.info- هێشتا تەلەعفەر لە دەست چەكدارانی داعشدایە و هەزاران خێزانی ئەو شارۆچكەیەیش ئاوارەی شنگال بوون. بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، وەها بڕیارە لە شنگال كەمپێك بۆ ئاوارەكانی تەلەعفەر دروست بكرێت.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تەلەعفەر وەیسی شنگالی، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: لە ئێستادا تەلەعفەر لە دەست چەكدارانی داعشدایە و بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵیان كردووە، هیچ هێزێكی ئەمنییش لەو شارەدا نەماوە.
شنگالی گوتیشی: بە هۆی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارۆچكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، بە هەزارن خێزان ئاوارەی شەنگال بوون و لە بارودۆخێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.
ئەو دەڵێت، هەر ماڵێك چەندین خێزانی تێدا نیشتەجێ بووە و نموونەیشی بە ماڵەكەی خۆی هێنایەوە کە 120 كەسی تێدایە و لە ئێستادا هەوڵ هەیە شوێنیان بۆ دابین بكرێت.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تەلەعفەر، ئەوەیشی خستە ڕوو كە داوایان لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی كەمپێك بۆ ئاوارەكان دورست بكرێت، بۆیە بڕیارە كەمپێكیان بۆ بنیات بنرێت.
بڵند ئیبراهیم




