٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. دیندار زێباری: ئەمەریكا نزیكەی 12 ملیۆن دۆلار ئاوارەكانی مووسڵ تەرخان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  د. دیندار زێباری دەڵێت، ئەو كۆمەكەی حكوومەت بەغدا بۆ ئاوارەکانی ئەنبار و مووسڵ دابینی كردووە كەمە و لە ئاستی پێویستدا نییە و دەڵێت تا پرۆسەی تۆماركردن تەواو نەبێت، ئەوا هاوكاریی دارایی دابەش ناكەن. گوتیشی، ئەمەریكا بڕیاری داوە نزیكەی 12 ملیۆن دۆلاریان تەرخان بکات و لە رێگای كۆمۆسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەركان و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و هەروەها ئاژانسەكانی دیكەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، د. دیندار زێباری لەگەڵ شاندێكی ئاژانسی ئەمەریكا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAIDکۆ بووەوە کە لە لە جاك مەییر راوێژكاری هەرێمی و پیپیجین هەلگیرز بەرپرسی سیاسی و چەند بەرپرسێکی تری ئاژانسی ئەمەریكا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAIDلە هەرێم پێک هاتبوو.

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا باس لە بارودۆخی كامپی ئاوارەكان كرا،  لەگەڵ ئەو هاوكاری و یارمەتیانەی كە بەسەریاندا دابەش كراوە.

شاندەكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت. داوایشیان كرد كە زانیاریی پێویستیان پێ بدرێت لەبارەی ئەو سەرچاوانەی تەرخان كراون بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی مووسڵ و ئەو كارانەی لایەنەكان كردوویانە.

 لای خۆیەوە د. دیندار زیباری گوتی كە بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكان (UNDP) بڕیاری هاوكاریكردنیان داوە و تیمێكی هەماهەنگیان دروست كردووە و ئێستا سەرقاڵی دانانی نوێنەریانین بۆ ئەو مەبەستە. لەو كۆبونەوەیەدا باس لەوە كرا كە پێش قەیرانی ئەنبار، 42 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێ بوون  و پێشبینییش دەكرێت نزیكەی 300 هەزار كەسی دیکە بەرەو هەرێمی كوردستان هاتبن، كە زۆربەیان مەسیحی و ئێزدین، مەسیحی و ئێزدییەكانیش لە كوردستاندا بە ڕاددەیەكی باش پارێزگارییان لێ دەكرێت.

لەو كۆبونەوەیەدا زێباری باسی لەوە كرد كە ئەو كۆمەكەی حكوومەت بەغدا دابینی كردووە كەمە و لە ئاستی پێویستدا نییە، هەروەها لەم ڕووەوە سستی لە كارەكانی حكوومەتی عێراقدا دەبینرێت، چونكە تا ئێستا پرۆسەی تۆماركردنی ئاوارەكانی بە تەواوی نەكردووە و ڕایگەیاندووە كە تاوەكو پرۆسەی تۆماركردنەكە تەواو نەبێت، ئەوا هاوكاریی دارایی دابەش ناكەن.

لە كاتێكدا توركیا بو نزیكەی 10,000 ئاوارە كۆمەك دابین كردووە، حكوومەتی ئەمەریكایش بڕیاری داوە نزیكەی 12 ملیۆن دۆلاریان تەرخان بکات و لە رێگای كۆمۆسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەركان و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و هەروەها ئاژانسەكانی دیكەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

د.دیندار زیباری دووپاتی كردەوە كە ئەوان چاوەڕێی بەغدا ناكەن و هەرچییەكیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن و ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستیاندایە بە كاری دەهێنن بۆ باشتركردنی ڕەوشی ئاوارەكان.

 لە كۆتاییدا زێباری باسی لە  كێشەیەکی سەرەكی كرد لەم ڕووەوە، كە بریتییە لە نەبوونی سەرچاوەی پێویستی نێودەوڵەتی وە نەبوونی هەماهەنگی لەلایەن حكوومەتی بەغدا بۆ ئەم مەبەستە.        

هەواڵی پەیوەندیدار