٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تانەر یڵدز: هەناردەی نەوتی كوردستان بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا -kdp.info-وەزیری وزەی توركیا دەڵێ، رۆژانە 100 تا 120 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بەندەری جیهانی توركیا دەكرێت.

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز، دوای بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی: "رۆژانە 100 تا 120 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جیهانی توركیا دەكرێ و حاڵی حازر هیچ جۆرە گۆڕانكارییەك لە نەخشەڕێگەی هەناردەی نەوتدا ناكرێت، بەڵام لە نزیكەوە چاودێریی رەوش و رووداوەكانی عێراق دەكەین، كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی توركیا بەردەوامن لەسەر ئەو رێككەوتنانەی لە چوارچێوەی یاسای كەرتی تایبەتدا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا واژۆیان كردوون، لە بارەی چۆنێتیی بەكارهێنانی سەرچاوەكانی نەوتی مووسڵ و كەركووكیش، سەیری رووداو و پێشهاتەكان دەكەین".

یڵدز لە بارەی هەڕەشەكانی داعش بۆ سەر كەرتی نەوت و غاز لە عێراق، ئاماژەی دا: "تا ئەو كاتەی عێراق بگاتە رەوشی ئاسایی، ئەوا پێشبینیی هەر جۆرە هەڕەشەیەك دەكرێ، بارودۆخەكە وا نییە كە مرۆڤ بتوانێ پێشبینیی چەند رۆژی داهاتوو بكات، بۆیە ناتوانم بڵێم ئایا لە داهاتوودا هەناردەی نەوت بەردەوام دەبێ یا ڕادەوەستێت".

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان گوتی: "بە پێی بەرنامە دەبێ 22ـی مانگی حوزەیران سێ تانكەری دیكەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێن، ناتوانم ئەمڕۆ بڵێم ئەو بەرنامەیە سەر دەگرێت یا نا، لە نێو تانكەرەكانماندا نەوتی عێراق هەیە و ئامادەیە بۆ ڕەوانەكردنی بازاڕی جیهانی، ئەوەی نەوتەكە دەخاتە تەندەرەوە حكوومەتی عێراقە، كاتێك تەندەر كرا و شوێن دەستنیشان كرا، ئەوا توركیایش دەست بە گواستنەوەی ئەو نەوتە دەكات و زانیاریی پێویست ئاڕاستەی بەغدا دەكات.

هیوا ئەردەلان

 

هەواڵی پەیوەندیدار