ئەمیری هۆزەكانی دلێم: شۆڕشمان بەرپا كردووە، بەڵام جلی داعشیان بەبەردا كردووە... گۆڕینەوەی دیپلۆماتە تورکەکان بە سوڵتان هاشم ڕاست نییە

هەولێر-KDP.info- ئەمیری هۆزەكانی دلێم لە عێراق، عەلی حاتم سلێمان رایگەیاند، رووداوەكانی مووسڵ بەشێكن لەو راپەڕینەی ناوچە سوننییەكانی عێراق دژ بە دەستەڵاتی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سیاسەتەكانی حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا.هاوکات ڕەتی کردەوە کە لە بەرانبەر ئازادکردنی دیپلۆمات و هاووڵاتیانی تورکیا، داعش داوای ئازادکردنی سوڵتان هاشمی کردبێت.
عەلی حاتم سلیمان لە لیدوانیكی تایبەتدا بۆKDP.info دووپاتی كردەوە كە، "مووسڵ پایەیەكی گرینگی شۆڕشی پارێزگا سوننەنشینەكانی عێراقە دژ بە حكوومەتی بەغدا"، گوتیشی "داعش دەستی بەسەر مووسڵ نەگرتووە، بەڵام حكوومەتی عێراق لە هەر شوێنێك ئیمە شۆڕشمان تێیدا بەرپا كردووە جلی داعشیان لەبەر ئەو شۆڕشە كردووە، ئەمەیش بۆ ناوزڕاندنی ئەو بزووتنەوە میللییەی كە لە ئەنجامی زوڵم و زۆرداریی حكوومەتی عێراق هاتووەتە كایەوە."
سلێمان ئەو هەواڵانەیشی رەت كردنەوە كە گوایە هێزە چەكدارەكانی مووسڵ لەبەرامبەر رزگاركردنی باڵیۆزی توركیا داوای دەربازكردنی سوڵتان هاشمی وەزیر بەرگری پیشووتری عێراقیان كردبێت، گوتیشی "ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە".
سەرۆكی هۆزەكانی دلێم داوای لە مالیكی كرد عێراق جێ بهێڵێت و رایشیگەیاند "ئیمەی سوننە جارێكی دیكە بەشداری لە حكوومەتی عێراقدا ناكەین، بەڵام دەمانەوێت ئەم دیكتاتۆرە نەمێنێت بۆ ئەوەی لەگەل حكوومەتی داهاتوودا قسەی خۆمان بكەین."
جێگەی ئاماژەیە سێشەممەی رابردوو رێكخراوی توندڕۆی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەكانی پاریزگای نەینەوادا گرت و، سوپای عێراق بە بێ جەنگ ناوچەكەی چۆڵ كرد و لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتی روویان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد.




