٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

موئەیەد تەییب: بۆ مالیكی نییە كار بە پڕۆژەیاسای (سەلامەتیی نیشتمانی) بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info-گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی، گوتەیەكی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەت دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ یاسایەك بە ناوی (سەلامەتیی نیشتمانی)ـیەوە نییە و بۆ مالیكییش نییە كار بەو پڕۆژەیاسایە بكات.

سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی، لە میانەی سەردانیدا بۆ لای فیرقەی 18ـی سوپای عێراق لە باشووری بەغدا، ڕایگەیاند كە بۆ ڕاگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی لە عێراقدا، پێویستمان بە پەرلەمان نییە، چونكە یاسایەكمان هەیە بە ناوی (سەلامەتیی نیشتمانی) و كاری پێ دەكەین. لەم بارەوە گوتەبێژی لیستی هاوپەیەمانیی كوردستانی موئەیەد تەییب، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو پڕۆژەیاسایە پێش دوو مانگ هاتبوو بۆ پەرلەمان، بەڵام دواتر ئەو پڕۆژەیە ڕەزامەندیی لەسەر نەبوو، چونكە عێراق پێویستی بەو یاسایە نییە، ئامانج لەو پڕۆژەیاسایەیش ئەوەیە هەموو دەسەڵاتێك بدرێتە دەست سەرۆكوەزیران نایشزانین مالیكی بەچ شێوەیەك دەڵێت ئەو پڕۆژەیە پەنجەرەیەكی باشە بۆ ئەم دۆخە".

گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لە پەرلەمان دەرباز نەبووە و نەخراوەتە بەرنامەی كار و پووچەڵە، خۆ ئەگەر كاری پێ بكرێت ئەوا پێشلێكردنی دەستوورە و مالیكی دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیارەتییەوە".

گوتیشی: "تەنیا سەرۆكوەزیران مافی ئەوەی هەیە پڕۆژەیاسا بنێرێتە پەرلەمان و ئێمەیش دەنگی لەسەر بدەین و ئەوەیش تەنیا پڕۆژەیاسایە لە بەغدا هاتووە ".

هەواڵی پەیوەندیدار