لە داهاتوویەكی نزیكدا عێراق و سووریا دەبنە چەند پارچەیەك

ئانكارا - kdp.info-مامۆستایەكی زانكۆ و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایدەگەیەنێت، ڕەوشی عێراق و سووریا زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە و پێشبینییش دەكات ئەو دوو وڵاتە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ببنە چەند پارچەیەك.
مامۆستای زانكۆی 18ـی ئاداری چەناققەلە و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدات لاچینەر، لە بارەی رەوشی ئەم دواییەی عێراق و سووریاوە، رایگەیاند كە رەوشی هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریا زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە و ئەوەی لەم چەند رۆژەی دواییدا رووی داوە بە تایبەتی رووداوەكانی عێراق، بوونە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی سیاسی لە ناوچەكەدا.
سەدات لاچینەر هەروەها ئاماژەی دا كە هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر عێراق و داگیركردنی بەشێكی زۆری ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق، بووەتە هۆكاری پارچەكردنی ناچاریی عێراق و هیچ هێز و لایەنێكیش ناتوانێت رێگری لەو پارچەكردنە بكات.
لاچینەر گوتیشی كە رەوشی سووریایش ئەگەر چی وەكو رەوشی عێراق نەبێت، بەڵام بەندە بە رەوشی عێراقەوە و رۆژێك دوای پارچەبوونی عێراق پارچەبوونی سووریایش دەبێتە دیفاكتۆ.
لاچینەر لە كۆتایی قسەكانیدا ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەوەی ئەمڕۆ دیار و بەرچاوە، ئەوەیە كە هیچ رێگەچارەیەك بێجگە لە پارچەبوون لە بەردەم عێراق و سووریادا نییە، بۆیە پێویستە توركیا لە هەر روویەكەوە خۆی بۆ پارچەبوونی ئەو دوو وڵاتە ئامادە بكات.
هیوا ئەردەلان




