٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كورد دەرفەتێكی گەورەی مێژوویی بۆ رەخساوە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا - kdp.info-مامۆستای زانكۆی "قارد خاس" دكتۆر ئەحمەد خان، لە بارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراقەوە رایگەیاند، توركیا زیانی كردووە و كوردیش دەرفەتێكی زۆر گەورەی مێژوویی بۆ رەخساوە.

مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی "قادر خاس"ـی توركیا دكتۆر ئەحمەد خان، لە بارەی رەوشی عێراق و داگیركردنی بەشێكی عێراق لەلایەن داعشەوە گوتی: توركیا بە هۆی سیاسەتی هەڵەی دەرەكییەوە زەرەرێكی یەكجار گەورەی كردووە و كوردستانیش دەرفەتێكی زۆر گەورەی مێژوویی بۆ رەخساوە و قازانجێكی زۆر گەورەی كردووە.

ئەحمەد خان گوتی: دوای هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و داگیركردنی چەند شارێكی عێراق لە لایەن داعشەوە، توركیا بە هۆی سیاسەتی هەڵەی دەرەكییەوە بەرەوڕووی قەیرانێكی زۆر ئاڵۆز و مەترسیدار بووەتەوە و داگیركردنی باڵیۆزخانە و دیپلۆماتكارانی توركیا لە مووسڵ شتێك نییە كە هیچ دەوڵەتێك بتوانێ بە ئاسانی هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكات، بەڵام توركیا بە هۆی سیاسەتی هەڵەوە بە تایبەتی لە بواری هەڵسوكەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا خۆی خستووەتە نێو قەیرانێكی یەكجار مەترسیدارەوە و رووبەرووی زەرەرێكی یەكجار گەورە بووەتەوە.

ئەحمەد خان گوتیشی: تاكە لایەنی سوودمەندی رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق، كوردە و كوردیش هەرچەند لایەنێكی شەڕ نییە و نایەوێ خۆی تێكەڵی ئەو شەڕە بكات، بەڵام بە هۆی ئەو شەڕەوە دەرفەتێكی یەكجار گرنگی مێژوویی بۆ رەخساوە، چونكە كورد ساڵانێك چاوەڕوانی جێبەجێكردنی چەندین بڕگەی دەستووری بنەڕەتی عێراقی دەكرد، بەڵام دەسەڵاتی بەغدا تا ئەو كاتەی كە بەسەر ناوچەكاندا زاڵ بوو ئامادە نەبوو ئەو بڕگانە جێبەجێ بكات، وەلێ لە سایەی ئەو رووداوانەدا نە دەسەڵاتی بەغدا و نە دەسەڵاتی داعش لەو ناوچانەدا هەیە كە پێیان دەگوترێت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كورد بێ هیچ كێشە و گرفتێك و بە بێ ئەوەی خۆی تووشی شەڕ بكات، هێزی خۆی لە دوایین بستی خاكی خۆی جێگیر كرد و سنووری خۆی لەگەڵ عێراقدا جیا كردەوە.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار