داعش بەشێکی تەلەعفەری داگیر کرد.. شەڕ بەردەوامە

مووسڵ-تایبەت بەKDP.info- لە شارۆچکەی تەلەعفەر شەڕ بەردەوامە و چەکدارانی داعش توانیویانە ئەو شوێنانەی سوننەنشینن کۆنترۆڵ بکەن.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زوممار، سەڵاح میرانی، بۆ kdp.infoگوتی: لە ئێستادا شەڕێکی قورس لەنێوان پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ لە لایەک و چەکدارانی داعش بەردەوامە و لەئێستادا داعش توانیویەتی ئەو شوێنانەی سوننەنشینن کۆنترۆڵی بکەن.
وەک ئەو بەرپرسە گوتی ئەو شوێنانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتوون: بەشێکی حەسەن کۆیە و گەڕەکی عەسکەرین.
سەڵاح میرانی گوتیشی: چەکدارانی داعش تۆپبارانی شار دەکەن و بەھۆیەوە خەڵکی بە کۆمەڵ بۆ دەڤەری شنگال ڕادەکەن.
ڕوونیشی کردەوە، "ئەو شوێنانەیشی کە شیعەنشینن و دەکەونە لای فڕۆکەخانە و بەوابەوە لە دەست ھێزەکانی پۆلیس دان، چونکە لیوایەکی ھێزی پۆلیسی لێیە، بەڵام سوپای عێراق نەماوە و ھەموویان ھەڵاتوون.
ئاماژەیشی دا، "تەنیا بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ھەندێک فڕۆکەی سوپای عێراق بۆردوومانی هەندێ ناوجەیان کردووە، بەڵام ئەمشەو (شەوی یەکشەممە) ھیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەوە نەبینراوە بۆردوومانی هیچ شوێنێکی نەکردووە.
لای خۆشیەوە فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک، لیوا عەبدوڵرەحمان کەورینی، بە kdp.info-ی راگەیاند: تاوەکوئێستا شەڕ بەردەوامە، بەڵام ھیچ فڕۆکەیەکی تورکیا ئەو ناوچانەی تۆپباران نەکردووە، چونکە ئێمە ئاگادارین و بەردەوام لە پەیوەندیداین.
بڵند ئیبراھیم




