خەلیلزاد: پێویستە واشنتۆن کار لەگەڵ پێشمەرگە بکات، چونکە لە سوپای عێراق باشترە

هەولێر-KDP.info- زاڵمای خەلیلزاد دەڵێت، ئەم دۆخەی ئێستای عێراق، بیری بۆ ئەفغانستانی ساڵانی 90-ی دەباتەوە و گوتی، واقیعی عێراق پاش دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە گۆڕاوە و داوایشی لە واشنتۆن کرد بیر لە کارکردن لەگەڵ پێشمەرگە بکاتەوە، چونکە لە سوپای عێراق باشترە.
خەلیلزاد کە لە ساڵانی 2005 تا 2007باڵیۆزی ئەمەریکا بوو لە عێراق، دەڵێت "پاش مووسڵ واقیعی عێراق گۆڕاوە.. ئەو گۆڕانە و پێشوەچوونانەی عێراق بیرم بۆ ئەفغانستانی ساڵانی 90-ەکان دەباتەوە، کە ئەوسا بزووتنەوەی تاڵیبان زۆر بە خێراییشار دوای شاری دەگرت و دیمەنێکی نوێی بەدەستەوە دا."
زیاتر گوتی "پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا نک تەنیا بیر لە هێزەکانی عێراق بکاتەوە کە ئایا دەتوانێ هاوکارییان بکات؟ ئایا ئەگەر کردی کاریگەریی دەبێت؟ بەڵکە پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن هاوکاریی پێشمەرگە بکەن و، بزانن چۆن دەتوانن پێوەندییان لەگەڵ ببەستن لەم ساتەدا، چونکە پێشمەرگە لە هێزەکانی سوپای عێراق باشترە و کاریگەریی بەسەر کاروباری ناوچەکانی باشووری عێراقەوە هەیە."
خەلیلزاد هاوکات گوتی، ئەوە پێشمەرگەیە لە ئێستادا هەرێمی کورستان و ناوجە کوردستانییەکانی دەرەوەی کوردستانیش دەپارێزێت کە دەکەونە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەددین و دیالە، ئەمەیش پاش ئەوە دێت کە سوپا پاشەکشەی لێ کردوون و بنکە سەربازییەکانی بۆ ڕێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام جێ هێشتوون.
دەربارەی لێدوانی عەللاویش کە گوتبووی دەگەڕێتەوە عێراق و یەکیەتییەک لە نێوان عێراقییەکاندا پێک دێنێت، خەلیلزاد رایگەیاند، "ئەو کەسایەتییەکی سەرەکییە، بەڵام کەسایەتیی دیکەیش هەن کە لە ئێستادا گرینگن.. ناشێت تەنیا کەسێک وەها ئەرکێک لە ئەستۆ بگرێت و لەسەر عێراقییەکان پێویستە پێکەوە کۆ ببنەوە."




