حەسەن جیهاد: بەم جۆرە عەقڵییەتەی بەرپرسانی، دۆخی عێراق زۆر لەوە خراپتر دەبێت

بەغدا- تایبەت بە kdp.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە بەرانبەر تۆمەتبارکردنی پێشمەرگە بە دزینی چەکدا، دەپرسێت: "ئەو چەكەی سوپای عێراق بەجێی دەهێڵێت، بە دەست هێزی پێشمەرگەوە بێت باشترە یاخود چەكدارانی داعش؟، بەداخەوە تاوەكو ئێستا بیركردنەوەیەكی شۆڤێنیانەتان هەیە."
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق حەسەن جیهاد، بەkdp.infoـی ڕاگەیاند: "ئەو ئەندامانەی لیستی دەوڵەتی یاسا بەردەوام بەرگرییان لەو هەڵانە كردووە كە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە ئەنجام دراون و هۆكاری ئەو هەموو هەڵانەن و لە پێكهاتە و شێوازی بەرگریكردنی سوپادا رای ئەوانیش وەرگیراوە، بەڵام دەیانەوێت بەم جۆرە لێدوانانە شكستەكانی خۆیان بشارنەوە."
حەسەن جیهاد گوتیشی: "ئەگەر بێعەقڵی نەبێت، چەك بە دەست هێزی پێشمەرگەوە بێت باشترە یاخود چەكدارانی داعش كە پێشمەرگە هۆكاری ئەوە بوو ئەوان بێنە سەر دەستەڵات و دیموكراسییەت لە عێراقدا بێتە كایەوە، بەڵام بەداخەوە بیكردنەوەی ئەوان تاوەكو ئێستا شۆڤێنیانەیە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری زیاتر گوتی: "ئەوان لەجیاتی دەستنیشانكردنی ئەو شكستانەیان، بیانوو دەدۆزنەوە بۆ شاردنەوەی شكەستەكانیان و كورد بە پیلانگێڕ تۆمەتبار دەكەن، ئەگەر ئەم جۆرە عەقڵییەتە بەردەوام بێت، عێراق زۆر لەوە خراپتری لێ دێت."
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئەسكەندەر وەتووت، هاوکات پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی کە هەردووکیان ئەندامانی لیستی دەوڵەتی یاسان، هێزی پێشمەرگە بە دزینی چەك تۆمەتبار دەكەن و باس لەوەیش دەکەن کە كورد پیلانگێڕی دژی حكوومەتی بەغدا دەكات.
بڵند ئیبراهیم




