كەمال قڵێجدارئۆغڵو: هێشتا چارەنووسی هاووڵاتییە بەدیلگیراوەکانمان نازانین
__2014_06_15_h17m16s16__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی گشتییپارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رەخنەی لە سیاسەتەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیا گرت و گوتی، ئەردۆغان توركیای خستووەتە نێو ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. گوتیشی "پێنج رۆژی تێپەڕاند و هێشتا نازانین لە كوێن و چییان بەسەر هاتووە."
سەرۆكی گشتیی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كەمال قڵێجدارئۆغڵو لە بارەیداگیركردنی باڵیۆزخانەی توركیایش لە مووسڵ و بەدیلگرتنی باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی توركیا لە لایەن داعشەوە گوتی: "ئەوە بەرهەمی سیاسەتی هەڵەی سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانە، چونكە ئەردۆغان بەو سیاسەتەی پەیڕەوی كردووە توركیای نوقمی نێو ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و بێجگە لەوەی توركیای كردووەتە دوژمنی وڵاتانی ناوچەكە، هاوکات توركیای كردووەتە ئامانجی گرووپە چەكدارییە توندڕەوەكانیش."
كەمال قڵێجدارئۆغڵو گوتیشی: "حكوومەت هەر رۆژ چەندین جار لێدوانی جیاجیا دەدا و دەڵێ ئەم سەعاتە نا سەعاتی دیكە هاووڵاتییە بەدیلگیراوەكان ئازاد دەكەین، بەڵام ئەوا پێنج رۆژی تێپەڕاند و هێشتا نازانین لە كوێن و چییان بەسەر هاتووە."
قلًێجدارئۆغڵو جەختی لەوە كردەوە كە سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان هیچ دەستكەوتێكی بێجگە لە كێشە و گرفت بۆ توركیا نەبووە و ئەو رووداوانەی لە مووسڵ روویان داوە بەرهەمێكی ئەو سیاسەتە هەڵەی حكوومەتی ئەردۆغانن.
هیوا ئەردەلان




