سوپای توركیا: هیچ جۆرە پەیوەندییەكمان لەگەڵ داعشدا نییە

ئانكارا – kdp.info-سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا لە بارەی پڕوپاگەندەكانی هاوكاریی نێوان سوپای وڵاتەكەی و داعش رایگەیاند، سوپای توركیا بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی داعشی نەكردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێك لە بارەی دەرمانكردنی بریندارەكانی داعش لە نەخۆشخانە سەربازییەكانی توركیا، هاوكاریكردنی سوپای توركیا لەگەڵ داعش و راهێنانكردنی سێ ئەفسەری سوپای توركیا بە چەكدارانی داعش، سەرۆكایەتیی سوپای توركیا رایگەیاند كە سوپای توركیا نە لە سووریا و نە لە هیچ شوێنێكی دیكە بە هیش شێوەیەك هاوكاریی چەكدارانی داعشی نەكردووە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیادا ئاماژە بەوە دراوە كە لە هیچ نەخۆشخانەیەكی سەربازیی سەر بە سوپای توركیا، هیچ جۆرە چەكدارێكی بیانی تا ئەمڕۆ دەرمان نەكراوە و ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە لە راستییەوە دوورن.
لەسەر پرسی راهێنانكردنی چەكدارانی داعش لە لایەن سێ ئەفسەری سوپای توركیاوە و گیرانی ئەو سێ ئەفسەرە لە ناوچەی ئەنباری عێراق، سوپای توركیا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هیچ بەرپرسێكی پلە نزم و پلە باڵای سوپا ڕەوانەی سنوورەكانی دەرەوەی توركیا نەكراوە و ئەوانەی لە ئەنبار گیراون هیچ پەیوەندییەكیان بە سوپای توركیاوە نییە.
هیوا ئەردەلان




