٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریکا: تا عێراقییەکان تەبا نەبن، واشنتۆن هاوکاری ناکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، جۆن کیری دەڵێت هاوکاریی ئەمەریکا بۆ عێراق بۆ بەرگرتن لە پێشڕەویی کتوپڕی چەکدارە توندڕۆکان، ئامانجی خۆی ناپێکێت ئەگەر عێراقییەکان بەسەر ئەو دابەشبوونە قووڵەی نێوانیاندا زاڵ نەبن.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت کە دوێنێ شەممە، کیری لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی هۆشیار زێباریدا کۆ بووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە "ئەو هاوکارییەی کە وەها بڕیارە ئەمەریکا پێشکەشی بکات، سەرناکەوێت، مەگەر سەرکردە عێراقییەکان جیاوازییەکانیان وەلا نێن و هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەیی جێی بگرێتەوە و یەکیەتییەکی نیشتیمانیی پێک بێنن، تا وڵات توانای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی دەولەتی ئیسلامی لە عێراق و شامی هەبێت."

بەیاننامەکە هاوکات لە زاری کیرییەوە کە بە زێباری ڕاگەیاندووە دەڵیت، پێویستە عێراقییەکان بە زوویی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 30-ی4-ی ئەمساڵ پەسند بکەن و حکوومەتی نوێ پێک بێنن و نەگاتە ئەو ماوە زۆرە لە 2010-دا خایاندی.

ئەگەرچی هەوڵەکانی چەکدارانی داعش لە پێشڕەوییان بەرەو بەغدا کە مەبەست لێی داگیرکردنیەتی، سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام هێشتا هەڕەشەیەکی جیددییە بەسەر حکوومەتی مالیکییەوە.

هەینیی ڕابردوویش سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو بژاردە سەربازیانە دەخاتە بەر باس و لێیان دەکۆڵێتەوە، بۆ چۆنیەتیی هاوکاریکردنی مالیکی لە بەرەوڕووبوونەوەی ئەو یاخیبوونەی کە بە هۆی شەڕی سووریاوە گەشەی کردووە.

ئەمەریکا هاوکات بڕیاری دا بە ناردنی گەورەترین کەشتیی جەنگی بۆ کەندای عەرەبی تا لە ئەگەری فرمانی واشنتۆن بۆ لێدانی داعش، نزیک و ئامادە بن.  

هەواڵی پەیوەندیدار